لڤین
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا، هەڵوێستى خۆى لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى سووریا دەربڕى و گوتى، “پابەندى بڕیارەکانى نابن”.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی رابردوودا، سوورییەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بوون و هیوایان خواست، کە فرەڕەنگى و فرەیی وڵاتەکە لەبەرچاوبگرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەڵام ئەو حکومەتەی ئێوارەی شەممه 29ـی ئازار له دیمەشق راگەیەندرا، تاوەکو رادەیەکى زۆر هاوشێوەی حکومەتی پێشووە، لەڕووى له بەرچاونەگرتنی فرەڕەنگى سووریا و بەردەوامیدان بە کۆنترۆڵى یەک لایەن لەسەرى و نەبوونى نوێنەرایەتییەکى دادپەروەرانە و راستەقینە بۆ تەواوى پێکهاتەکانى گەلى سووریا”.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر دەشڵێت، “ئەم سیاسەتانە، کە حکومەتی دیمەشق پێداگریی لەسەر دەکات، دەمانباتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، کە لایەنێک دەسەڵات قۆرخ دەکات و پێکهاتە و تایفەکانى سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دووردەخاتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر بۆچوونى وایە ئەو سیاسەتەش “بەتەواوی دژایەتیی ئەو ئامانجانە دەکات، کە سوورییەکان لە شۆڕشەکەیاندا بۆی راپەڕین و ئەو گۆڕانکارییەی، کە ئاواتەخوازى بوون”.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر دووپاتیدەکاتەوە هەر حکومەتێک رەنگدانەوەی ئەو فرەڕەنگى و فرەییەى سووریا نەبێت، ناتوانێت وڵات بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەببات و لەو قەیرانەی، کە بەدەستییەوە دەناڵێنێت رزگاری بکات. بەڵکو قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە و ئەو هۆکارانە لەناو نابات کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، دەشڵێت، “ئێمە پابەند نین بەو بڕیارانەى، کە لەلایەن ئەو حکومەتەوە دەردەچن. ئەم پێداگرییە لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو زیان بە سوورییەکان دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتە هۆی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە بتوانێت چارەسەر بۆ ئەو پرس و کێشە و قەیرانە هەڵپەسێردراوانە بدۆزێتەوە، کە سووریا تووشی بووە”.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، پابەندبوونى خۆى بە داواکارییە بنەڕەتییەکان دووپاتدەکاتەوە “کە سوورییەکان بۆی راپەڕین: بونیادنانی سووریایەکی دیموکراسی و هاوبەشى، لامەرکەزی کە مافی هاوڵاتیبوون و مافی بەشداریی دادپەروەرانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسیدا دەستەبەر بکات”.
شەممە 29ـى ئازارى 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە دیمەشق حکومەتى نوێى سووریا کە لە 23 وەزیر لەخۆدەگرێت پێکهات و بەڕێوەبەرایەتیى خۆسە لە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریاى تێدا بەشدارنەبوو.