لڤین
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانەوە پەیامێکی لەبارەی 8ـی مارسەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بانگەوازەکەم بۆ ژنان رێنێسانسە و کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە “.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاماژەی بەوەکردووە، پرسی ئازادیی ژن هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە، ژن خودی گەردوونە و مرۆڤ هەسارەیەکە لە خولگەی ئەو گەردوونەدا و دروستکەری رۆشنبیری و کۆمەڵگەش هەر ژنە.
باسی لەوەشکردووە، نابێت ژنان بە زاراوەی بایۆلۆژی هەڵبسەنگێندرێن، بەڵکو دەبێت بە زاراوەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵسبەنگێندرێن. دەشڵێت، “دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم، بەڵام رۆژانە چەندین کوشتنی دڕندانە بەناوی خۆشەویستییەوە ئەنجام دەدرێن، مرۆڤی ئاشق چۆن خۆشەویستی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە، تاوەکو ئەمڕۆش زۆرێک لە خانمان بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە”.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، “پرسی ژنان قووڵترە لە پرسی کورد، کولتووری شەڕ و ململانێ زۆرتر لە دژی ژنان بڵاوبووەتەوە و لەناوبردنی ئەم کولتوورە هێزی بزوێنەری خەباتی ئێمەیە.”
لەبارەی پەیوەندیی نێوان بانگەوازەکەی و ژنەوە دەڵێت، ” بانگەوازی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد’ رێنێسانسێکە بۆ ژنان، سڵاو لەو ژنانە دەکەم کە گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن و باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە”.