لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

د. سەباح هەورامی: سێ مانگە دابینکردنی دەرمان بۆ سلێمانی دواکەوتووە

د سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیى تەندروستیی سلێمانی کەناڵ scaled

لڤین

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیى تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، سێ مانگە دەرمان بۆ سلێمانی دابین نەکراوە و ساڵانەش پێویستیان بە 150 ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستیی سلێمانی هەیە، بەڵام نزیکەی 10 ملیار دیناریان بۆ دابین دەکرێت و راشیگەیاند، تێبینیی زۆریان لەسەر گرێبەستی تاقیگەکان هەیە.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵانە بەهۆی دواکەوتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی تەندروستی، تووشی قەیرانی کەمیی دەرمان و نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان دەبنەوە، گوتى بەو هۆیەوە سێ مانگە دابینکردنی دەرمان بۆ تەندروستیی سلێمانی دواکەوتووە.

د. سەباح هەورامی، داواى لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی کرد بەزووترین کات وەڵامی ئەو رەزامەندییە بدەنەوە، چونکە کەمیی دەرمان گرفتی بۆ دروستکردوون.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی روونیشیکردەوە، ساڵانە پێویستیان بە 150 ملیار دینارە، بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تەنیا 17 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە و ئەوەش لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانییە و بەڵام زۆرجار لەو 17 ملیار دینارەش تەنیا نۆ ملیار یان 10 ملیاریان بۆ تەرخاندەکرێت.

هاوکات د. سەباح هەورامی لەبارەی گرێبەستی تاقیگەکان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پێداچوونەوە بە گرێبەستی تاقیگەکان نەکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە 15ـی شوباتی 2025، بریکاری وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندبوو لیژنە پێكهێندراوە تاوەکو پێداچوونەوە بە نرخی پشكنینەكان بكات.

د. سەباح هەورامی، گوتیشی، “ئێمە لەسەر گرێبەستەکان تێبینیی زۆرمان هەبووە، چونکە بەگوێرەی گرێبەستەکە نرخی پشکنینەکان زۆر زیاترە وەک لەوەی لە کەرتی حکومی هەیە و بەڵێنمان پێدراوە پێداچوونەوەی وردی لەبارەوە پێبکرێت”.

بەرێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، بەپێویستى دەزانێت بۆ چارەسەری جیاوازی لە نرخەکان، سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ دەرمانخانە و کلینیکە پزیشکییەکان لە کەرتی تایبەت دابنرێت و گوتى، “چونکە ئەوەی هەیە پرۆسەیەکی ناتەندروستە و جیاوازیی هەیە لە نرخەکانیاندا لە کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت”.

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks