لڤین
وەزیری خوێندنی دانیمارک رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە پرۆژەیاسایەک بۆ قەدەغەکردنی مۆبایلە زیرەکەکان لەناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا ئامادە بکات.
ماتیاس تێسفای، وەزیری خوێندنی دانیمارک بە رۆژنامەی پۆلیتیکنی دانیمارکیی راگەیاندووە، حکومەت پشتگیری لە بیرۆکەی قەدەغەکردنی مۆبایلە زیرەکەکان دەکات، هەربۆیە دەستکراوە بە ئامادەکاری بۆ پرۆژەیاساکە.
وەزارەتی خوێندنی دانیمارک دەڵێت:”مۆبایل و تابلێت جێگەیان خوێندنگە نییە، نە لەکاتی پشوو و نە لە پۆلەکانی خوێندندا”.
جگە لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایل لە ناوەندەکانی خوێندن، لیژنەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە، پێشنیازی رێگریکردنی لە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان کردووە، تاوەکو تەمەنی 13 ساڵی.
ئەم هەوڵەی دانیمارک لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، ئوسترالیا بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کەسانی خوار 16 ساڵ، لە تەواوی وڵاتەکەی.