لڤین
کاریگەری زیرەکیی دەستکرد لە سەر مرۆڤایەتی بەردەوامە و ئەمجارە سەدان کەسی لە کۆمپانیای تیکتۆک بێکار کرد.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، پلاتفۆڕمی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بەنیازە سەدان کارمەند لە کارەکانیان دوور بخاتەوە کە زۆربەیان لە وڵاتی مالیزیان، شوێنەکانیشیان بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد پڕدەکاتەوە.
رۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵێت، تەنیا لە وڵاتی مالیزیا نزیکەی 700 کارمەندی کۆمپانیای تیکتۆک دەرکراون، بەڵام کۆمپانیای بایتدەنسـی چینی کە خاوەندارێتی تیکتۆک دەکات، لە روونکردنەوەیەک ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەکە کەمترە لە 500 کەس.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کارمەندانە لە رێگەی ئیمەیڵەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەرکراون.
کۆمپانیای تیکتۆک لە وەڵامی رۆیتەرزدا هەواڵەکی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، پێشبینی دەکرێت، سەدان کارمەندیان لە سەرتاسەری جیهان لەکار دووربخرێنەوە، وەک بەشێک لە پلانێکی بەرفراوان بۆ باشترکردنی چالاکییە مامناوەندەکانیان.
بەپێی ماڵپەڕی کۆمپانیاکە، تیکتۆک زیاتر لە 110 هەزار کارمەندی لە 200 شاری جیهان هەیە.