Search
Close this search box.

لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

پڕۆسەی ئاشتی (ئیمڕاڵی – ئەنكەرە) لەپێناو خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ

٢٢٢٢٢
نووسینی ئەنوەر حسێن (بازگر)
لێپرسراوی دەزگای ئایدیا بۆ فكر و لێكۆڵینەوە
-1-
سەرلەنوێ پرسی پڕۆسەی ئاشتی نێوان توركیا و پەكەكە لەلایەن ئاردۆگان و دەوڵەت باخچەلی وەكو بابەتێكی جێی بایەخ، زۆر بڵاوبوەوە، بۆتە هەواڵێكی گرنگ.
لە دروستبوونی پەكەكە لە (27/11/1978) و سازدانی یەكەمین كۆنگرەى لە (15-25/9/1980) گرێدا.
یەكەم چالاكی سەربازیشی لە (15/8/1984) لەژێر ناوی (HRK- هێزەكانی ڕزگاری كوردستان) بۆسەر قەرەقولەكانی توركیا ئەنجامدا.
بەمشێوەیە (46) ساڵە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان كورد و توركیا بەڕێوەدەچێت كە زیاتر لە (60.000) كەس بوونەتە قوربانی.
– ئاتاتورك وتبووی: “كوردەكان تووركی شاخاوین”.
– دكتۆرێك لە ئەستنبوڵ پێی وتم؛ من و هاوسەرەكەم لە ژووری نووستنەكەی خۆمان نەماندەوێرا بە زمانی كوردی قسە بكەین.
– زیندانیانی سیاسی كورد، ناچار دەكران پیسایی خۆیان بخۆن.
– كوردەكانیان دەكردە ناو ئەشكەوتێك، دواتر دەمی ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبوونە قەرەبرووت.
– تووركەكان لە ئەستنبووڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبوون، دەیانووت گڵاون
سەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:
– من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە گۆڕستانە و مردوە؟
– دژی دەوڵەتی كوردیم، گەر لەسەر مانگیش دروست بێت.
– ئەحمەد كایا، یەڵماز گۆنای، عیسمەت شەریف وانلى–یان شاربەدەركرد لەسەر بە كوردی قسەكردن.
پرسیارێكی سادە؟
لەگەڵ ئەم سیاسەتە، ئەم دەوڵەتە، ئەم گەلە، ئەم بۆچونانە، لەگەڵ ئەم سوكایەتیپێكردنە، دەبوو كورد چی بكات، دەبێ چی بكات؟ جگە لەوەش هەمیشە و هەمووكات دەستی بۆ ئاشتی درێژ كردوە.
-2-
لە كۆتایی ساڵی (1991) توركت ئۆزال، سەرۆكی توركیا، نامە و فلاش بەمەبەستی دانوستان دەنێرێت بۆ پەكەكە و مام جەلال ڕێگا دەدات بە تەلەفزیۆنی كوردی و زمانی ڕەسمی دایك.
لە (20/3/1993) پەكەكە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام لە (17/4/1993) ئۆزال لە ڕووداوێكی گوماناویدا كوژرا، لە (24/5/1993)، شەمدین ساكیك، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە- (ARK)، (33) سەربازی بێ چەك، كە بە مۆڵەت دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، (5) هاوڵاتی سڤيلی لەناو پاسێكدا كوشت.
لە مانگی مایسی (1993)، سلێمان دیمرێل دەبێتە سەرۆككۆمار و پڕۆسەی ئاشتی بەتەواوی كۆتایی پێدێت.
3
لەژێر فشاری توركیا و ئەمریكا، سوریا لە ئۆكتۆبەری (1998) ئۆجەلانی لە وڵاتەكەی دەركرد و لە (15/2/1999) ئۆجەلان لە كینیا دەستگیركرا و بۆڵندا ئەجەوید كۆتایهاتنی پەكەكە و تیرۆری ڕاگەياند، توركیای پێ وابوو پەكەكە كۆتایهاتوە.
-4-
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی (2011)، پەكەكە، هێزەكانی خۆی ناردە ڕۆژئاوای كوردستان و سێ كانتۆی (جەزیرە، عەفرین، كۆبانێ)ى ڕاگەیاند.
بەم بارودۆخە تازەیە، توركیا زۆرتر توڕە بوو، زانی كە پەكەكەی لەناو نەبردوە، لەوكاتەوە تا ئێستا ڕۆژئاواى كوردستان لەژێر هەژموونى ئەمريكادا وەكو ديفاكتۆ خۆى پاراستوە و توركياش جگە لە داگيركارى لە هەرێمى عەفرين، ڕۆژانە بۆردوومانى دەكات، بەڵام پەكەكە وەكو قەنديلى دوەم، سەيرى ڕۆژئاواى كوردستان دەكات، بەیەك نرخ داكۆكی لە شاخەكانی قەندیل و شارەكانی ڕۆژئاوا دەكات.
-5-
لە (10/8/2010) پەكەكە سەرلەنوێ ئاگربەستی ڕاگەیاند، كە بڕیاربوو تا (12/6/2011) بەردەوام بێت، بەڵام (2/3/2011) كۆتایپێهێنا و پارتی (BDP) لە توركیا (36) كورسی هێنا.
-6-
لە (2013) گەڕێكی تری دانووستان بە ناوبژیوانی بەریتانییەكان لە ئۆسلۆ دەستیپێكرد، بەڵام ئاكامێكی نەبوو.
-7-
ڕۆژی (23/6/2019) نێچيرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی توركیای كرد، ئاردۆگان داوایكرد، گەڕێكی تری دانووستانەكان لەگەڵ پەكەكە دەست پێ بكەنەوە.
بارزانی پەیامەكە دەنێرێت بۆ قەندیل، جەمیل بایك لە تەمووزی (2019) لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتارێكی نووسى وەڵامی توركیای دایەوە، كە ئامادەین و دانوستكاری ئێمە ئۆجەلانە لە ئیمراڵی.
جەمیل بایك پێشتر، ئەوەشی وت لە (11/9/2014) ئەمریكا داوای دانوستانی كردوە وتومانە بچنە ئيمراڵى، وابڕیار بوو ڕۆژی (17/7/2019) نوێنەرەكەی بارزانی بچێەوە قەندیل لەگەڵ بایك كۆبێتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژە لە كافتریای (هۆقەباز) لە هەولێر، كارمەندێكی كونسوڵی توركیا بە دەستێكی نادیار كوژرا.
دیسان ئەمجارەش پرۆسەكە تێكچوو.
-8-
پاش دەساڵ لە پەككەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە ناوەڕاستی (10/2024) لەسەر داوای توركیا، جارێكی تر پڕۆسەكە زیندوكراوەتەوە، تەنانەت باخچەلی وتی؛ با ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و قسە بكات.
لە دواین ڕۆژەكانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا (2024)، لەسەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، ئاردۆگان ئەو مەسجەی پێ دا، كە جارێكی تر ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پڕۆسەی ئاشتیدا.
بەڵام ڕۆژی (23/10/2024) دوو گەریلای پەكەكە لە ئەنكەرە پەلاماری دامەزراوەی پیشەسازی سەربازی توركیایاندا و چەند كەس كوژران و دواتر پەكەكەش بەرپرسیارێتی خۆی لە كردەوەكە ڕاگەياند.
-9-
فاكتەرەكانى پشت پڕۆسەى ئاشتى چین:
یەكەم: پەلامار و شەڕەكانی (7)ی ئۆكتۆبەری (2023)ی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دواتر كوشتنی چەندین بەرپرسی پلە باڵای حەماس و حیزبوڵڵا و پەلاماردانی باشووری لوبنان لە حوزەیرانی (2024)
فراوانبوونی شەڕەكە و پەلاماردانی شەوی (26/10/2024) ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران لە (تاران، ئیلام و خوزستان)
پرسێكە، كە توركیا نیگەرانە لە دەرئەنجامەكانی و ئاڵوگۆڕی خێرا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێيوايە لەناو ئەو ئاڵوگۆڕانەدا كورد بەگشتى و كوردەكانى باكور و ڕۆژئاوا پێگە و جێگەى زۆرتر پەيدا دەكەن.
دوەم: هاوپەیمانی نێوان (دەم پارتی و جەهەپە) لە هەڵبژاردنەكانى شارەوانییەكانی توركیا لە (2023) و سەركەوتنی جەهەپە لە ئەنكەرە و ئەستنبوڵ، ترسی لای ئەكەپە و ئاردۆگان دروستكردوە، كە ڕەنگە جەهەپە و ئۆزگول ئۆزال، پرسەكە بقۆزنەوە لەسەر دەستی ئەوان پرسی ئاشتی جێبەجێ بكرێت.
سێیەم: پاش كۆتایهاتنی دەسەڵاتی ئاردۆگان لە ساڵی (2028) دەیەوێت دەستكاری دەستور بكات بۆ مانەوەی بۆ خولێكی تر، ئەمەش بەبێ دەنگی كورد، كارێكی قورسە.
چوارەم: ترس و نیگەرانی توركیا، لە هەڵكردنی چرای سەوزی واشتنتۆن و تەل ئەڤیڤ بۆ بەڕەسمی ناسینی ڕۆژئاوای كوردستان وەكو دەوڵەت بە خاتری پارچە پارچەكردنی سوریا يان فیدراڵی توركیاى نیگەرانكردوە.
پێنجەم: تێگەیشتنی توركیا لەوەی لە كۆتایهاتنی پەكەكە بە شەڕ ئاكامێكی نییە، زياتر لە چل ساڵە ئەم ڕێگایە بێ ئاكام ماوەتەوە، بە خەرجی ساڵانەی 8 ملیار دۆلار.
شەشەم: ترس و نیگەرانی توركیا لەوەی لە هەر ئەگەرێكی ئاڵوگۆڕ كە بەسەر ئێراندا دێت لە شێوەی ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی، پەكەكە وەكو ڕۆژئاوا لەڕێگەی پەژاكەوە شوێن و پێگەی زۆرتر داگیر بكات، كە توركيا تواناى پەلاماردانیشی نابێت.
حەوتەم: ڕێگەی گەشەپێدان، كە توركیا و عێراق دەیانەوێت كەنداوی فارس لە ڕێگای بەندەرى فاوەوە، توركیا و ئەورووپا ببەستنەوە، بە خەرجی (17) ملیار دۆلار كە سودمەندترین وڵات توركیا دەبێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نزیكەی (50) ملیار دۆلاری ساڵانەیە.
ئەنكەرە دەیەوێت ئەم هەلە لە دەست نەدان، بەڵام كارەكە لەژێر هەڕەشەی پەكەكەش دایە، بەتایبەتی لەناوچەی گارا.
هەشتەم: توركیا نایەوێت ئۆجەلان لە تەمەنی (73) ساڵیدا لە زیندان بمرێت وەكو سيمبوڵ دەركەوێت و ڕەنگە ئاردۆگان چاوی لەوەش بێت، مێژووی كۆتایی خۆی بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كۆتایی پێ بێنێت.
-10-
پرسی پڕۆسەی ئاشتی نێوان قەندیل و ئیمراڵی- ئەنكەرە بە ئاگاداری بەريتانییەكان بەڕێوە دەچێت.
لەگەڵ نەرويژييەكان، كە هەنگاوێكی گرنگە.
بەڵام ڕوون نییە، دەست و پەنجەی ئەمریكیەكان لەم پرسەدا چییە و چۆن بیر دەكەنەوە، كە زۆر گرنگە.
چونكە ئەمریكی و بەريتانییەكان، نەرویژییەكان سێ كارەكتەرن، كە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن و ئەزموونی زۆریشیان هەیە.
– ساڵی (1993) كۆتاییان بە ململانێی خوێناوی سپی و ڕەشپێستەكانی ئەفریقای باشوور هێنا.
ئاشتی نێوان نیڵسۆن ماندێلا و دیكلێرك جێبەجێی كرا بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵ.
– ساڵی (1994) مێژووی خوێناوی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینەكان لەنێوان یاسر عرفات شمعون پێرێز و ئیسحاق رابین، وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كۆتايی پێهێنا.
– ساڵی (2016) ئەو شەڕەی ساڵی (1964) لەنێوان حكومەتی كۆڵۆمبیا و فارك كۆتای پێهێنات لەنێوان تیملۆن خێمنز و خوان مانوێل سانتۆس، وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كۆتایپێهات.
-11-
توركیا دەبێت چی بكات؟
– هێرش و پەلاماردانی سەربازی و هێرشی درۆنى بۆسەر قەندیل و باشووری ڕۆژئاوای كوردستان ڕابگرێت.
-ئۆجەلان لە ئیمراڵی بگوازێتەوە بۆ ماڵێكی ئەمنی.
-دەستوور دەستكاری بكرێت، كە كورد گەلێكی ڕەسەنى توركیایە.
– (14000) زیندانی كەجەدە كەلە زیندانەكانی توركیان ئازاد بكرێت.
– سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوڵشەن كاتناك و گیراوەكان ئازاد بكرێن.
– پرسی قیوم لاببات لەسەر شارەوانییەكانی باكووری كوردستان.
– لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی دەربكات.
– لێبوردنی گشتی بۆ ئەو (114)ە ئەندامی پەكەكە دەربكات كە خستوتنە لیستی تیرۆرەوە.
-12-
پەكەكە چی بكات؟
– بە ڕەسمی و بە عەلەنى ڕايبگەیەنێت كە ماوەى شەش مانگ پڕۆسەى خەباتی چەكداری ڕابگرێت.
– پابەند بن بە قسە و لێدوانەكانی ئۆجەلان.
– وەفدێكی قەندیل و وەفدێكی ئامەد بۆ دانوستان ئامادە بكات.
– ئەو كێشە و گرفتانەی لە باشووری كوردستان، بەتایبەتی لە بادینان لەگەڵ پارتی دروستبوە، نیەت باشی نیشانبدات.
-13-
گرفتەكان چین؟
– ئێران نیگەرانە لەو ڕێككەوتنە، ڕەنگە گرفتی بۆ دروستبكات.
– باڵى ڕادیكاڵ و چەپى ناو پەكەكە ڕەنگە پابەند نەبێت بەم ڕێككەوتنەوە.
– ڕووسیا بەرچاوى ڕوون نییە، ڕەنگە خۆشحاڵ نەبێت.
-14-
باشترین و عەقڵانەترین كار توركیا بیكات، ئەم پرسی بگەیەنێتە ئاكام و ئاردۆگان و ئۆجەلان هاوشێوەی سەركردەكانی پێش خۆیان ببنە خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ.
-15-
سەرەڕای هەموو ئەو بۆچوونانە بە پلەی یەكەم سەركەوتنی پڕۆسەكە لە ئەستۆی توركیا دایە، ئینسان زۆریش هەست بە دڵنیایی ناكات لە باخچەلی و ئاردۆگان، وا بە گەرمی هاتوونەتە سەر خەت.
بەهەرحاڵ، نیەت باشی باشترە لە پەی بردنی خراپە بە كارەكە.
بەڵام، دەبێ جەمیل بایك و سەركردەكانی نەبن بە داو و تەڵەی ئەم بانگەشەیەی دەكرێت.
بەڵام دەكرێت چاوەڕێ بین، ئاخۆ توركیا عەوداڵی ئاشتییە یان تاكتیك؟
لڤین پرێس
Scroll to Top