لڤین
وەزیری تەندروستیی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی عێراق، ھەمو ڕێکارێکی پێویستیان گرتوەتە بەر بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون بکرێت، بۆیە تا ئێستا نەک حاڵەت، بگرە گومانلێکراویشمان نییە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند “نەخۆشیی تای خوێنبەربون لە عێراق ھەیە، بەڵام تا ئێستا نەک حاڵەت، بگرە گومانلێکراویش لە ھەرێمی کوردستان نییە، خۆشمان تەواو ئامادە کردوە بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە لە ھەرێمی کوردستان بڵاو نەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بەغداش هەیە.”
وتیشی”بەداخەوە لە عێراق حاڵەت تۆمارکراون و لە ھەرێمی کوردستان خۆشبەختانە ھیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویشمان نییە، چاودێریی بارودۆخەکەش دەکەین، ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردو چەند حاڵەتێکیش تۆمار کرابن، سەرکەوتو بوین لە چارەسەرکردنی حاڵەتەکان و ڕێژەی چارەسەرکردن زۆر باش بوە.”
ئاماژەی بەوەشدا”ڕێنمایی ھاوڵاتییان دەکەین ئەوانەی لە کێڵگەی ئاژەڵ نزیکن و بەخێویان دەکەن، لە کاتی بونی گومان لە نەخۆشییەکە، دامودەزگا ڤێتەرنەرییەکان ئاگادار بکەنەوە، پرۆسەی ڕشاندنیش زۆر گرنگە و فەرامۆشی نەکەن، پێویستە ساڵانە لە مانگی چوار و پێنج ئەنجام بدرێت بۆ خۆپارێزی، بۆ ھەر حاڵەتێکیش تەواوی چارەسەری و پشکنینەکان بەردەستن و بۆ هەر حاڵەت و گومانێکیش تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان.”