لڤین
یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری رایدەگەیەنن كە پارێزگای هەولێر بەپاساوی نەگونجاویی بارودۆخەكە، داواكارییەكی هاوبەشی هەردو لایەنەكەی بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەیەك بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی لە خەڵكی غەززە، رەتكردۆتەوە.
ئاوێنە: یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیەندراوێكیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەنجامدانی گردبونەوەیەك بۆ پاڵپشتی خەڵكی غەززە لە هەولێر، خوێندەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئێمە لە هەردو لایەنی یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بڕیارمان دا رۆژی شەممە 12ی 4ی 2025، سەعات 4:30 خولەكی ئێوارە لەبەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر گردبونەوەیەكی جەماوەری سازبكەین “دژ بەو كۆمەڵكوژی و خوێنڕێژییە دڕاندانەیەی دەرهەق بە گەلی فەلەستین و خەڵكی كەرتی غەززەی خۆڕاگر ئەنجام دەدرێت و هەروەها بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی گەلی كوردی موسوڵمان بۆ خەڵكی غەززەو فەلەستین.”
یەكگرتو و كۆمەڵ دەشڵێن “بەشێوەیەكی فەرمی و یاسایی لایەنی پەیوەندیدارمان لە پارێزگای هەولێر ئاگاداركردەوە، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی نەگونجاویی بارودۆخەكە داواكارییەكەیان رەتكردینەوەو مۆڵەتیان نەدا. هیواخواز بوین هاوكار بوینایە.”
ئەو دو لایەنە ئاماژە بەوەشدەدەن كە رێگای مەدەنی تر دەگرنەبەر بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی خەڵكی غەززە لەوانە “روماڵی میدیایی و گەیاندنی كۆمەك و هەر رێگایەكی دیكەی مەدەنی.” و دەشڵێن، بەهۆی نەدانی مۆڵەت ئاگاداری هەمو لایەك دەكەنەوە كە گردبونەوەكە لەو كاتەی كە دیاری كرابو ئەنجام نادرێت.