لڤین
ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە لێخۆشبوونی سزای سەرپێچیی هاتوچۆ و مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان بۆ نەبەستراوە لەگەڵ دامەزراندنی دەرچووی کۆلێجە پزیشکییەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی 19″ـی ئازار” ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی 20٪ـی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە لە یەکی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 30ـی حوزەیران.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە بکات، كە لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەت بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام بەهۆی جێگیرکردنی میلاکی مانگی تەمووز لە ساڵی 2024 مووچەیان بۆ نەبەستراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزارەتەکانی دارایی، تەندروستی لەگەڵ ئەنجوومەنی گشتیی راژە راسپێردراون، کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێجە پزیشكییەكان بۆ ساڵی 2024.