لڤین
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دانانى کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بووەتەهۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ بە رێژەی 50%.
وەزارەتی ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەرى وەزارەتەکە رایگەیاندووە، “کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی، بە هەرسێ جۆری جێگیر، گەڕۆک و خاڵ بۆ خاڵ، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەرێژەى %50 رووداوەکانی هاتوچۆیان کەمکردووەتەوە.
دەشڵێت، دانانى کامێراکانى تیژڕەوی، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە %50ـی مردن و برینداربوونى هاونیشتمانیان بە رووداوەکانى هاتوچۆ.
راشیگەیاندووە، “لەپاڵ پاراستنی گیانى هاونیشتمانییان، ئۆتۆمبێلەکانیشیان پارێزراو بووە و زیانى ئابوورییان بەرنەکەوتووە، هاوکات “کامێراکانى تۆمارکردنى تیژرەوى سەرکێشی و پێشبڕکێ و لێخوڕینی نابەرپرسانەی تاوەکو ئەندازەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە”
لە زۆربەى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان و رێگە خێراکانى نێوان شارەکان، کامێرانى جێگیر و خاڵ بۆ خاڵ دانراون و سزاى تیژڕەوی لە 60 هەزار بۆ 240 هەزار دینار دیارییکراوە.