لە سوچێکی تاریک و فەرامۆشکراوی ئەم جیهانەناشیرینەدا ، زۆربایەکی غەمگین لە ژێر ساپیتەیەکی ئەستوری بێدەنگیدا، جوانترین تابلۆ بە پەڕەمووچی ڕدێنە سپیەکەی ڕەنگ دەکا ، کاتێک سەما لە سەرنەغمەیەکی غەریب دەکات ، لە بەردەم کچە نەخۆشکەی ،ئاشکرایە ئەمە سەمای خۆشی نیە ، بەڵکو سەمایەکی ئاوسە بە حوزن و ئازاری هەژاری و کەلێن و درزەگەورەکانی نا یەکسانی و بێدادی ، تابلۆی تاڤگەیەکی بە خوڕی تێکشکانی بەهاکانی چێژو بەختەوەریە ، ئەم سەمایە لەسەر ڕیتمی هیچ جۆرە مۆسیقایەکی نەریتی ، خۆی نمایش ناکات ، بەڵکو بە شەرمەوە نۆتە هەڵنیشتوەکانی ، سەر تێل و وەتەرەکانی مێژووی نادادی هەڵدەفڕێنێ ، مێژووی ئازارە بێدوایەکیەکانی پێویستی و ناچاری ، پێویستی باوکێکی ماندوو بۆ بینینی پەپولەی خەندەیەکی بچوکی کاتی ، بەسەر لێوی کچە نە خۆشەکەیەوە ، ئەم سەمایە قوڵتر ، لەسەمای سەر ستەیجی بالێ و ئۆلۆمپیادەکان ،شەپۆلەکانی هەست و سۆز دەجوڵێنێ و بەیەکیان دا دەدات ، لەبەر ئەوەنا زۆر پیشەگەرانەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەگەڵ هەر جوڵەیەک حەرفێکی قوربانیدان لەسەر کڵاوە چڵکنەکەی مێژوو دەچنێت ، کاتێک مرۆڤ لاشەی شەکەت و ماندوو سیمای تێکسمڕاوی ، بەدەست ئازار وناحەقیەکانی ڕۆژگار، دەکاتە بوکەڵەیەک بۆئەوەی تەنها بزەیەکی بچوک لەسەر لێوی جگەر گۆشە ئازیزەکەیبەدەست بێنێ ، بۆ ئەوەی تەپو تۆزی شەکەتی زیاتر لە نیوسەدەی تەمەنی بتەکێنێ ، جومگەو ئێسک و دەمارەکانی جەستەی توندو تۆڵ بکاتەوە و جارێکیترئامادەی بکاتەوە ، بۆ ناو گۆڕەپانەکانی جەنگی چارەنوس .
قوربانیدان تەنها کردەیەکی سادە نیە ، بەڵکو چرکە ساتێکە مرۆڤ لە خۆی دادەبڕێ و دەیکات بە موڵکی ئەویتر، سەما ناکات هەتا چێژ وەرگرێ ، بەڵکو سنورەکانی خود تێدەپەڕێنێ ، بۆ ئەوەی بگاتە نێو زۆنیڕوحە سپیە غەمگینەکەی کچە ئازیزەکەی ، تا لە ڕوحی پاکیزەی ئەودا ، وەک پەشمەک بتوێتەوە و چێژی پێببەخشێ ، لەم چرکە ساتەدا سەما دەبێتە چالاکیەکی وجودی ، لە دوو توێی تابلۆیەکی سوریالیدا ، ئەو خۆشەویستیە قوڵە نمایش دەکات ، توانای ڕەتکردنەوەیسەرجەم پوچی ئەم جیهانەی هەیە ، وەک چۆن سەمای زۆربا جۆرێکە لە فەلسەفەی ژیان ، کاتێک ڕوح لە ئەوپەڕی ئازادیدا بەرجەستەدەکات ، لە ڕەتکردنەوەی شکست و ئاریشە قوڵەکان لای ( کازانتزاکی ) ، ئەم سەمایەشجۆرێکە لە یاخیبون و هەڵگەڕانەوە بەرامبەر ئازار ،سەرکێشی بە جەستەیەکی ڕووت و ماندوو بەرامبەر چارەنوسێکی نادیار، ئەم سەما زۆرباییە تا سەرکەناراوەکانی نیچە ڕاماندەکێشێ کاتێک دەڵێت: “ پێویستە لەسەر برینەکانمان سەما بکەین بۆ ئەوەی نەبین بە کۆیلەی ئازار ” . چونکە هەرگیز ژیان لەسەر فرمێسکەکانمان ناوەستێ ، لەکاتێکدا خەونەکان پەرتدەبن و دەبن بە کەرەستەو پاشماوەی پڕۆژەیەکی لە دەستچوو ، ئیدی مرۆڤ لە سیمایدا تیشکە سەرووەنەوشەییەکانی ، هەژاری ، نەخۆشی ، نادادی وئازاری ڕۆژگار، پێچەوانە دەکاتەوە ، بێگومان هەر گنجێک لە ناو چەوانی ، یان تاڵە مویەکی سپی سەرو ڕیشی ،پەڕەمووچی نوسینەوەی حیکایەتێکە ، بە خوڕ ستەم و نایەکسانی لێدەچۆڕێ . ئەگەر سەماکردن بۆ خواپێداوان ،ئامڕازێک بێت بۆ چێژبینین لە چرکە ساتێکی خۆش ،ئەوە سەمای ئەم زۆربایە نمایشکردنی دوا چەکی ڕەتکردنەوەی ئەم دۆخە سەپاوەیە ، لە کاتێکدا جگە لە جەستەیەکی لاوازی ماندوو ، شتێک شک نابەن تا بە سەخاوەتەوە بیبەخشن .
لە دەرەوەی فەزای میهرەبانی ژورە سادەکەی ، لە سەرشەقام و ناو باڵەخانە ڕەنگاو ڕەنگەکانی شارەکان ،ڕيستوڕانت و مەیخانە و تیاترۆخانەکان جمەیان دێت ، لە دوکەڵی چروت و ڕیتمی مۆسیقای ئابڕووبەرانە ، بە گونیەپارەو سامانی هەزاران باوکی نامراد ، قوتی دزراوی هەزاران منداڵی کەم ئەندام و نەخۆش ، دەکرێتە شاباش ولەسەرنەغمەی داڕمانی بەهاکان ، بەسەر سەماکارانیلەشفرۆشدا هەڵدەڕژێ ، وەکو فەڕشی ڕووسوری دەسەڵات ، تیاترۆکان سەمای لەسەردەکەن ، جەستەیان بۆ دزە سمێڵ بابڕەکانی نیشتیمان دەخەنە سەر پشت ، تا لەدوایدا بە ماسیحەی ئەخلاقی کۆیلەکان ، کۆیدەکەنەوەو دەیخەنە سەر حسابی بانقی دزێکی گەورە، ئەویش بەشێکی بۆ شەوی داهاتو لێ گل دەداتەوەو،بەشەکەی تری حەواڵە دەکات بۆ دزێکی لە خۆی گەورەتر.
ئەگەر سەما هەمیشە دەربڕینی خۆشی بێت لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا ، ئەوە سەمای زۆربایی ئەو باوکە کەساسە، بانگەوازی بەهاناوەچونە ، بەهاناوەچون بۆکۆکردنەوەی دوا تنۆکە ڕژاوەکانی بەهای مرۆیی ، ئاخر جیاوازی چینایەتی دەستکردی مرۆڤە ، نەک کردەیەکی ئیلاهی ، ڕاست نیە بەڵکو بوختانێکی شاخدارە کاتێک دەڵێن : خودا هەژاریی و دەوڵەمەندیی دروستکردوە ، بەڵکو خودا مرۆڤی دروستکردوە ، مرۆڤ و بەس ، مرۆڤیش شوناسی هەژارو دەوڵەمەند ، دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات ، بەرپرس و هاوڵاتی ، ستەم کارو ستەم لێکراو ، دۆست و دوژمن ، پلە یەک و پلە دوو ، باوەڕدارو بێباوەڕ،شاو گەدا ، ڕەنجدەرو ڕەنجبەر، ئاغا و نۆکەر ، کوێخا وزەحمەتکێش ، بۆرژوا و پڕۆلیتار، سەرمایەدار و کرێکارتادەگاتە موختارو موحتارعەمرو زەید… دەبەخشێتەوەبەسەر هاوەڵەکانیدا .
نا دادی بێشەرمانە تەنها نانی نێو ناندێنی هەژاران نادزێ ونافڕێنێ ، بەڵکو پێش هەرشتێک واتا لە سیحرو ئاماژەکان خاڵی دەکاتەوە ، کاتێک سەما لە واتا و ئاماژەی دەربڕینی خۆشی لای هەندێک ، دەگۆڕێ بۆ کەرنەڤاڵیئازارلای هەندێکی تر ، ئەمە مەترسیدارترین فۆڕمیدیکتاتۆریەتی واتایە . لە لای ( سارتەر ) مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی ، ئازادی بژاردەیەکی وجودی و ئەمانەتێکە لە ئەستۆیدا ، تەنانەت لە دژوارترین بارو دۆخدا ، ئەم سەمازۆرباییە پراکتیزەکردنی ئازادیە لە سادەترین فۆڕمدا ،کاتێک ڕەتی دەکاتەوە بچێتە ژێرباری تەسلیم بون بە دۆخێکی سەپاو ، لە جەستەیەکی شیتەڵبوی هەڵڕژاو،مانایەک کۆدەکاتەوە بۆ قوربانیدان لە پێناو ئەویتردا ،چونکە بەلای ( کامۆوە ) ، مرۆڤ تەنها بە یاخیبووندەتوانێت بەڕووی جیهانێکی پوچ و خاڵی لە واتادابوەستێتەوە . هەر بۆیە ئەم سەمایە شەقێکی تەڕە ، لە جیهانێکی بێ مانای سەرڕێژ لە پوچی ، جارێکیتر مانا کردنەوەیە بەبەر چەمکی بەختەوەریدا ، پێمان دەڵێت : بەختەوەری بە قوربانیداندا بەدەست دێ و دەکرێ لەبردنەوەی خەندەی ئازیزێکدا چڕ بێتەوە ، نەک لە کەڵەکەکردن و هەڵچنینی دیواری کۆشک و تەلاری سەرمایەیناڕەوادا .

د. ئەمیر حسێن
- د. ئەمیر حسێن#molongui-disabled-link
- د. ئەمیر حسێن#molongui-disabled-link
- د. ئەمیر حسێن#molongui-disabled-link
- د. ئەمیر حسێن#molongui-disabled-link

















