لڤین
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەى نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو 20ـی حوزەیران درێژکردەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە؛ بڕیاریانداوە بە درێژکردنەوەی ماوەى نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تاوەکو 20ـی حوزەیران لەکاتێکدا، بڕیاربوو 15ـی حوزەیران کۆتایی بێت.
لە 25ـى ئازارەوە پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى دەستپێکردووە و پێشتر کۆمیسیۆن سێجار وادەکەی نوێکردووەتەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن تاوەکو ئەمڕۆ، 12ـی حوزەیران، یەک ملیۆن و 909 هەزار و 510 کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە و لەو ژمارەیەش 297 هەزار و 808 کەسیان لە هەرێمی کوردستانن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن نزیکەی 29 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، کۆی ئەوانەی کارتی دەنگدانیان هەیە زیاترە لە 21 ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن کەسیان لە هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە.