لڤین
ئایشەگوڵ دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، ئۆجالان داوایکردووە لەگەڵ سەرکردەی پارتە کوردستانییەکان قسە بکات، لەو نێوەندە، داوای بینینی مەسعود بارزانی، مەزڵوم عەبدی و بافڵ تاڵەبانی کردووە.
ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان باسی قۆناغی داهاتووی پرۆسەی گفتوگۆ بکەن.
بە گوێرەی قسەکانی ئایشەگوڵ دۆغان، ئەگەری زۆرە لە رۆژانی داهاتوودا ئۆجالان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان کۆببێتەوە، گوتی، دەیەوێت بە تایبەت لەگەڵ نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، “بە لەبەرچاوگرتنی فراوانی و قورسایی کێشەکە، پێمانوایە کارێکی سوودبەخش دەبێت مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵوم عەبدی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالاندا بکەن، ئێمە دەزانین ئەویش دەیەوێت ئەم چاوپێکەوتنانە ئەنجام بدات، ئەمە خواستی بەڕێز ئۆجالانە و بۆ قۆناغی داهاتووش پێویستە”.