لڤین
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، هەولێر چۆک دانادات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، کۆمەڵێک کارتی فشار و رێگەچارەی هەیە.
لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاندووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، لەوانە قەیرانی دارایی و چارەسەری کێشەکان، هەرێمی کوردستان ئەو لاوازە نییە وەک ئەوەی هەندێک پێیانوایە.
فارس عیسا دەڵیت، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کارتی فشار و رێگەچارەی هەیە، لەوانە رێگەچارەی یاسایی و دەستووری، جگە لە هاوپەیمانەکانیان لەناوخۆی وڵاتەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
فارس عیسا لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیوویەتی “هەولێر چۆک دانادات”
ئەمە لەکاتێکدایە، مووچەی مانگی ئایار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکرا و حکومەتی فیدراڵ رایگەیاندووە، مووچە نانێرن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا تەواوبووە.