لڤین
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردون كە “تۆماركردنە” نەك ” مۆڵەتدان”.
سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ دوشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی لێدوانێكی بەرپرسی نوسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بڵاوكردەوە كە وتویەتی”رێگە بە هیچ راگەیاندن و پەیجێك نادەن بێ هەبونی مۆڵەت، كاری رۆژنامەنوسی بكات.”
سەنتەری متیرۆ بە ئاماژەدان بەوەی كە ” دەبێت سەندیكا جیاوازای نێوان مۆڵەت و تۆماركردن بزانێت” وتویەتی، لە یاساكەدا خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی راگەیاندنێك لە دو رۆژنامەی رۆژانەی هەرێم بڵاوبكاتەوە، كە ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنی نیشتەجێبونی خاوەن ئیمتیاز یاخود دامەزرێنەر و ناوی رۆژنامەكەو ئەو زمانەی كە پێی بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ ناوی سەرنوسەر و ماوەی دەرچونی تێدا بنوسرێ. راگەیاندنەكەش بە بەیانی دەركردنی رۆژنامەكە دادەنرێ.
رونیشیكردۆتەوە، ئەم رێكارەش بە بەیاننامەی دامەزراندن دادەنرێت لە سەندیكای رۆژنامەنوسان تۆماری دەكات، نەك بچێت “مۆڵەت” لە سەندیكا وەربگرێت.
سەنتەری متیرۆ جەختی كردۆتەوە كە نوسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، مافی ئەوەی هەیە داوا بكات، ئەو پەیجانەی مۆركی كارەكانیان راگەیاندنە، واتە پەیامنێر و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، بچنە سەندیكا خۆیان تۆمار بكەن، نەك بڕیاری قەدەغەكردنیان دەربكەن، چونكە یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێنەبەخشیون.
ئاماژەی بەوەشداوە كە رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردون كە “تۆماركردنە” نەك ” مۆڵەتدان”.
بە پێی بڕگەكانی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، “رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێكی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەمو هاوڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەكانی تاكەكان و تایبەتمەندیی ژیانیان.”