لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

هاوسەرۆكی دەم پارتی: تا ئێستا گفتوگۆی ئێمە لەسەر دەستور نییە، بەرلەوە دەبێت چەند هەنگاوێك بنرێن

bc bda be caec

لڤین

تولای حاتەم ئۆغوللاری، هاوسەرۆكی دەم پارتی رایگەیاند، تا ئێستا گفتوكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركیا لەبارەی گۆڕینی دەستورەوە نین، بەرلەوە دەبێت چەند هەنگاوێك بنێرن كە یەكەمیان ئەوەیە هەمو كەسێك بتوانێت لەگەڵ ئۆجالان دیدار ئەنجام بدات و دەشڵێت، دوای بەدیهێنانی ئەو هەنگاوانە دەتوانرێت دەستورێك دابنرێت.

تۆلای حاتەم ئۆغوللاری لەمیانی چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی پەكەكە، سەرەتا جەختی لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی كردەوەو سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانیش بۆ پڕۆسەكە كە دەوڵەت باخچەلیش داوای پێکهێنانی کردوە، ڕایگەیاند:”بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەر دوابەدوای ئەوە کۆنگرەی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە کار و چالاکییەکانی و دواتر پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکاری، بەڕاستی بۆ تورکیا گرنگییەکی مێژویی هەیە. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکان بۆ تورکیا لەڕوی ئاشتییەوە کە لە مێژوی 100 ساڵەی خۆیدا بەخۆییەوە نەیبینوە. بۆیە زۆر گرنگە هەم لایەنی دەسەڵات، هەم حکومەت، هەم ئۆپۆزسیۆن و هەمو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان ئەم پرۆسەیە بە تێگەیشتنەوە هەڵسەنگێنن. چونکە ئەگەر بەشێوەیەكی جدی بیر لە چۆنیەتی گۆڕینی ئەو دەرفەتانەی کە لە مێژودا دێنە بەردەممان نەکەینەوە و بە ئەرێنی کاریان لەسەر نەکەین، ئەوا بەداخەوە ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بنیات بنێین.”

وتیشی، هەروەها لەو چوارچێوەیەدا ئەو پڕۆسەیەی کە دەوڵەت باخچەلی لە 1ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد، لە وتارەکانی گروپی پارتەکەیدا نیشانی داوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە پەیامی هەیە. ئێستا، لە دوایین پەیامیدا، ئاماژەی بە کاری لیژنەیەكی پەرلەمانی كرد. لە ڕاستیدا بەڕێز ئۆجالان لە یەکەم کۆبونەوەیدا باسی کاری لیژنەیەكی وای کردبو. شاندەکەمان کە دوای چوار ساڵ بۆ یەکەمجار کۆبونەوەی لە گەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبو کە ‘دەبێت لیژنەیەك بۆ ئەم پرسە لە پەرلەمان پێک بهێنرێت.’

هاوسەرۆكی دەم پارتی پێی وایە دروستكردنی ئەو لیژنەیە زۆر گرنگ دەبێت بەڵام ناوەڕۆكی لیژنەكەی و شێوازی بڕیاردان و ئەوەی كە بتوانێت بڕیار بدات، پێویستی بە قسە لەسەركردن هەیە.

بەبڕوای تۆلای حاتەم ئۆغوللاری، دەبێت پەرلەمان لەم پڕۆسەیەدا بە شێوەیەکی فەرمی ئەرکەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. ئەم پرسە دەبێت لە پەرلەماندا چارەسەر بکرێت. ئاشتی دەبێت لە پەرلەماندا بەدی بهێنرێت.

وتیشی، دروستکردنی ئەم لیژنەیە زۆر گرنگ دەبینین و لە دوایین کۆبونەوەکانماندا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان ئەمەمان کردە ڕۆژەڤی خۆمان. سەرەتا سەردانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانمان کرد. لە ڕۆژەکانی داھاتودا سەردانی پارتەکانی دەسەڵاتداریش دەکەین و بۆچونەکانمان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵیان باس دەکەین.

تولای حاتەم ئۆغوللاری لەبارەی بەرنامەی دەم پارتی کە پەیوەستە بە گفتوگۆکان لەسەر دەستور کە چەندین جار لە ڕۆژەڤدا قسەی لەسەر دەکرێت رایگەیاند، هەندێک هەنگاو هەن دەبێت سەرەتا بنرێن.

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئەم هەنگاوانەی باسکردو ئاماژەی بەوەدا دوای بەدیهێنانی ئەمانە دەستورێك دەتوانرێت دابنرێت و تی “بۆ پێشکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، هەندێک هەنگاو هەن کە دەبێت بنرێن. دەتوانین بڵێین پاکكردنەوەی ڕێگەکەیە…بۆ ئێمە یەکەم هەنگاو کە دەبێت بنرێت، دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوە کە هەمو کەسێک بتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتن بکات. ئەمە زۆر گرنگە. چونکە ئەو دەبێت خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەببات و پەرەیپێبدات.”

هەر لەبارەی هەنگاوەكانی بەر لە قسەكردن لەسەر دەستور، تۆلای حاتەم ئۆغوللاری، وتی، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە چاوەڕوانبوین یاسای پەیوەست بە جێبەجێکردن پێش جەژن بنێردرێتە پەرلەمان. هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی (AIHM) و دادگای یاسای بنچینەیی (AYM) زۆر گرنگن. بۆ نمونە، ئەگەر بڕیارەکانی AIHM بە خێرایی جێبەجێ بکرێن، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگن یوکسەکداغ و ئەوانەی لەسەر دۆزی کۆبانێ زیندانی کراون، ئازاد بکرێن. ئەمەش بۆ عوسمان کاڤالا، پەرلەمانتاری هاتای TİP جان ئاتالای و هەمو کەسێکی دیکەش  راستە. دەمەوێت جارێکی تر بڵێم یاسای پەیوەست بە جێبەجێکردن بۆ ئێمە زۆر گرنگە و هیوادارم پێش جەژن بێتە پەرلەمان.

هەروەها وتیشی، دوای ئەوە، هەنگاوی گۆڕانکاریی پەیوەست بە ناوەندی تێکۆشان دژی تیرۆر پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە. چونکه له تورکیا هەمو لێدوانەکانی ئۆپۆزسیۆن به یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن ئەمە ڕاست نییە. وەک بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکاندا  رایگەیاند: “ئازادی هەتا کۆتایی داواکارییەکە” و لە ڕاستیدا، ئەمە مانای دیموکراسییە. بۆیە دەبێت تێکۆشان دژ بە تیرۆر بە شێوەیەکی بەرفراوان بگۆڕدرێت.

هاوسەرۆكی دەم پارتی پێی وایە، هەنگاوێکی دیکەش ڕوانگەی هاوڵاتیبونی یەکسانە. گەل و باوەڕەکان، زمان و کولتورە جیاوازەکان لە تورکیا بونیان هەیە. بۆیە دەبێت 86 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا لە چوارچێوەیەکی هاوڵاتیبون و  یەکساندا بژین. تائێستا گفتوگۆ لەسەر دەستور لە ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمەدا نییە. بۆیە پێویستە هەنگاوی جددی لەو بارەوە بنرێت.

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا کە لە 10 شارەوانی دەم پارتیدا قەیوم دانراون. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و شارەوانی ئیستانبوڵ بەشێکن لەو فشارانە و دەبێت بە زوترین کات کۆتاییان پێ بهێنرێت. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، ناکرێت باس لە دەستوری دیموکراسی بکرێت، دەبێت یاسای قەیوم هەڵبگیردرێت.

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا کە وەک پارتێک هەمیشە ڕایگەیاندوە کە تورکیا پێویستی بە دەستورێکی دیموکراسییە و وتی: “ئێمە بە هۆی دەستوری ئێستاوە زیاتر لە هەمو کەس زیانمان پێدەگات. لەبەر ئەوەی چیتر دەستوری جونتای سەربازی کە ساڵی 1982 داسەپێنراوە ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بکات. بۆیە پێویست بە دەستورێکی دیموكراسیە.”

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا سەبارەت بە سوریاش ڕایگەیاند کە حکومەتی دیمەشق ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان نەکردوە و هەندێکیان لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراوە. کۆمەڵکوژی زۆر گەورە لە دژی دروزی و عەلەوییە عەرەبەکان و مەسیحییەکان ڕویداوە.”

وتیشی “دەکرێت سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە سەرانسەری سوریادا بەکار بهێنرێت” و “سوریا پێویستی بە دەستورێکی دیموکراسییە.”

تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی تەنیا کاریگەری لەسەر تورکیا نابێت و وتی: “بەڵکو کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا، عێراق و ئێرانیش دەبێت. تورکیا کە کێشەی کورد چارەسەر بکات نەک هەر لە سوریا بەڵکو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە پێشەنگی ئاشتی.”

تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراتیزەکردنی تورکیا بۆ ئاشتی لە ناوچەكە کاریگەریی زۆری دەبێت و وتی: “کاتێک داوای ئاشتی لە تورکیا دەکرێت بەو باوەڕەی کە کاریگەری لەسەر ئاشتی لە ناوچەكە دەکات، ئێمەش خاوەنداری لەم داواکارییە دەکەین.”

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks