لڤین
دوو خوێندکار بەهۆی بەکارهێنانى ماتۆڕسکیل و نەبوونى خوێندنگەن لە گوندەکەى خۆیان دا بوونە قوربانیی رووداوێکی هاتوچۆ.
محەمەد و بەرهەم ئەو دوو خوێندکارە بوون، کە لە شارەدێى مەیدانى ئیدارەى گەرمیان لە دواى ئەنجامدانى تاقیکردنەوە، بە ماتۆڕسکیل بەڕێگاوەبوون بۆ گوندەکەى خۆیان، بەڵام لە رێگەى گەڕانەوە تووشى پێکدادان دەبن لەگەڵ بارهەڵگرێک و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدەن.
بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى گەرمیان راگەیەندراوێکى لەبارەى رووداوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەردوو خوێندکارەکە برابوون و ماتۆڕسکیلیان پێبووە و لەکاتی رووداوەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
حەیدەر مەحموود کەسوکارى قوربانییەکانە و دەڵێت، نەبوونى خوێندنگە و خراپیى رێگەوبانەکان هۆکارى رووداوەکەبووە و داواى خزمەتگوزارى و کردنەوەى خوێندنگە دەکەن.
عەدنان حسێن، بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ئەوەى رووداوەکە بە قەزا و قەدەر ناودەبات دەڵێت، “گوندەکان زۆر زۆرن و تواناى دابینکردنى پاسیان نییە بۆ خوێندکارەکانیان”.
لەهەرێمى کوردستان ژمارەیەکى زۆر ماتۆڕسکیلى تۆمارنەکراو هەیە و بەشێک لەم ماتۆڕسکیلانە بە منداڵ و مێرد منداڵانن، بەگوێرەى دوایین ئامارى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هاتوچۆ، 13% رووداوەکانى هاتوچۆ بەهۆى ماتۆڕسکیلەوە روودەدەن.