لڤین
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماری گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆچبەرانی جیهانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆربەی کۆچبەران لە وڵاتانی ناسەقامگیر و فرە قەیرانەوە کۆچیان کردووە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەیەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لەسەر ئاستی جیهان گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون.
هاوکات ئاماژە بەوەدراوە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە کە لەکاتی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە کۆچبەری وڵاتانی فرە قەیران و پڕ توندوتیژی بوون وەک ئێران، لیبیا و میانمار.
ئەوە لە کاتێکدایە هەمان رێکخراو لە ساڵی 2022 ئاماژەی بە مردن و بێسەروشوێنبوونی 50 هەزار کۆچبەرکردووە لەماوەی کۆچکردنیان، بەمەش لە نزیکەی سێ ساڵ و نیودا مردنی زیاتر لە 22 هەزار کۆچبەر زیادیکردووە.
بەشێوەیەکی گشتی کۆچکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو خۆرئاوا لە ساڵی 2014 وە پەرەیسەندووە و لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا مەترسییەکانی شەڕی داعش و ئەو قەیرانانەی بەدوای خۆیدا هێناویەتی هۆکاربووە بۆ زیادبوونی رێژەی کۆچکردن.