لڤین
سەرۆكایەتی كۆماری سوریا رایگەیاند، لێدوانەكانی ئەم دواییەی فەرماندەیی هەسەدە كە داوای فیدراڵی دەكات، پێچەوانەی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوانماندا كراوەو هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی وڵات. دەشڵێت، هەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی قەوارەی جیا لەژێر ناوی فیدراڵی یاخود ئیدارەی خۆسەردا بەبێ بونی رێككەوتنێكی نیشتمانی گشتگیر رەتدەكەینەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری سوریا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رێككەتنی ئەم دواییە ی نێوان ئەحمەد شەرع و فەرماندەی گشتی هەسەدە، هەنگاوێكی ئەرێنی بو بەرەو هێوركردنەوەو كرانەوە بەڕوی چارەسەرێكی نیشتمانی گشتگیردا، بەڵام جوڵەو لێدوانەكانی ئەم دواییەی فەرماندەی هەسەدە، كە داوای فیدراڵیەت دەكات، بەئاشكرا پێچەوانەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیەو هەڕەشەیە لەسەر یەكپارچەیی و سەلامەتی خاكی سوریا.
وتوشیەتی، هەر جۆرە هەوڵێك بۆ دابەشكردن یاخود دروستكردنی قەوارەی جیا لەژێر ناوی فیدراڵیەت یاخود ئیدارەی خۆسەر، بەبێ رێككەوتنێكی نیشتمانی گشتگیر، رەتدەكەینەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری سوریا هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە یەكێتی گەل و یەكپارچەیی خاكی سوریا، هێڵی سورەو هەر تێپەڕاندنێكی، دەرچونە لە ریزی نیشتمانی و لێدانە لە شوناسی سوریا.
ئەوەشی خسۆتەڕو، جەخت دەكەینەوە كە مافی برایانی كورد، وەك سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی گەلی سوریا، پارێزراوە لەچوارچێوەی یەك دەوڵەتی سوریادا، ئەوەش لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و یەكسانی لەبەردەم یاسا.
سەرۆكایەتی سوریا داوای لە هەەسەدە كردوە پابەند بێت بەو رێككەوتنەی كە لەنێوانیاندا ئیمزاكراوە.