لڤین
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ـی نیسانـی ٢٠٢٥، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە نۆیەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، قەدەری ئێمە لە عێراق وایە کە دراوسێی ئێرانین و مێژوو و کەلتورمان پەیوەستە بە ئێرانەوە، ئێران رۆڵێکی بەرچاوی لە بونیادنانەوەی عێراق هەبوو، ئێران دۆست و دراوسێیەکی نزیکمانە.
وتیشی، ئەمریکا دۆستێکی دووری عێراقە، بۆ ئەو دانوستانەی دەکرێن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەبێت هەردوولا رەچاوی هێڵێ سووری نێوانیان بکەن و بگەن بە ئەنجامێک ئەگەر گفتوگۆ نەبێت کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
باسی لەوەشکرد، لە دانوستانەکانی شەممەی رابردوو گفتوگۆی باشیان کردووە، هیوادارن بۆ گفتوگۆکانی داهاتوویان باشتری بکەن، هیچ کام لەو وڵاتانە لەم کاتەدا جەنگیان ناوێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستوور باوکی یاساکانە، پێویستە سیاسییەکان لە عێراق بەپێی دەستوور مامەڵە بکەن، دەبێت چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت، چەندین جەنگیان بینی سوپا نەیتوانی وڵاتەکە بپارێزێت، خەڵك خۆی چەکی هەڵگرت، باوەڕپێهێنانی لایەنەکان بۆ دانانی چەک کاتی دەوێت.