لڤین
دوو بەرپرسی ئەمريکی بە ئاژانسی رۆيتەرزيان راگەياندووە، ئەمريکا بەنيازە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هێزەکانی لە سووريا يەکبخات و لەو چوارچێوەيەدا ژمارەی سەربازەکانی بۆ نيوە کەمبکاتەوە.
سوپای ئەمريکا نزيکەی دوو هەزار سەربازی لە بنکە سەربازييەکانی سووريادا هەيە، کە زۆرينەيان لە باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەن، کە لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بۆ رێگرى لە سەرهەڵدانەوەی داعش کاردەکەن.
يەکێک لە بەرپرسەکان بە رۆيتەرزی گوتووە، پرۆسەی يەکخستنەوەکە دەکرێت ژمارەی سەربازەکان لە سووريا بۆ هەزار سەرباز کەمبکاتەوە.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی پلانی کەمکردنەوەی سەربازەکانی پشتڕاستکردەوە و گوتويەتی، “دڵنيانين لەبارەی ژمارەکانەوە و گومان هەیە لە کشانەوە بەو قەبارەيە، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات و هەوڵی بنیادنانەوەی هێز لە ناوچەکەدا دەدات”.
ئەمریکا لەم دواییانەدا فڕۆکەی بۆمبهاوێژى بی دوو و کەشتیی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئێران بە ئەنقەست رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا دوادەخات و دەبێت دەستبەرداری هەر هەوڵێک بۆ چەکی ئەتۆمی بێت و گوتيشی، “ئەگەر ناچاربین هێرش بکەين، ئەوا دەیکەین و دامەزراوە ئەتۆمييەکانيش دەگرێتەوە”.
لەلايەکی ديکەوە، پێت هێگسز وەزيری بەرگریی ئەمريکا پێداچوونەوە بە سەربازەکانی سوپاکەى لە سەرانسەری جیهان دەکات.
حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی يەکەمدا هاتە سەر حوکم، هەوڵی دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەدات.
هاوکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتیی ئەمریکا، مانگی رابردوو رێککەوتنێکى لەگەڵ دیمەشق واژۆکرد سەبارەت بە یەکخستنی دامەزراوەکانى حوکمڕانی و هێزە ئەمنییەکان.