لڤین
کۆمانیای دانەغاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم ڕایگەیاند، لە بەرهەمهێناندا گەیشتوونەتە ئاستی 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت و ئەوەش بە دەستکەوتێکی “گرنگ” ناودەبەن.
ئەو دوو کۆمپانیایە کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، باسیان لەوەکردووە، لە سەرەتای مانگی سێی ئەم ساڵەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرزکردووەتەوە بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا، ئەوەش بە رێژەی 75٪ بەرزبوونەوەی پێوەدیارە بەراورد بە ساڵی 2017.
دانەغاز ڕاشیگەیاندووە، ئاستی بەرهەمهێنانی غازی کۆندێنسەیتیان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرزکردووتەوە بۆ رۆژانە 15 هەزار و 200 بەرمیل.
بەپێی راگەیەندراوی ئەو دوو کۆمپانیایە بێت، رۆژانە هەزار و 70 تەن غازی شلی (ئێڵ پی جی) بەرهەمدەهێنن.
دانەغاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم کە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم پێکدەهێنن، لە ساڵی 2008ـەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان غاز بەرهەم دەهێنن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تا ئێستا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە لە هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆکاری ڕەخساندنی 20 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
دانەغاز دەشڵێت، پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر کە بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا تەواو بکرێت.