لڤین
ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، کارەکانی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ، تورکیا بەرەو دەوڵەتی تاکڕەو دەبات.
ناچۆ سانچێز ئامۆر، ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی خۆی و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵی داناوە و نووسیویەتی، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە هەواڵی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ و زیاتر لە 100 کەسی دیکە و راگەیاندنی قەدەغەی چالاکیی لە ئیستانبوڵ پێگەیشتووە.
ئامۆر دەڵێت، وەک کارەکانی مانگی رابردووی، کارەکانی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ، بە هەموو هێزی خۆیەوە، تورکیا بەرەو دەوڵەتێکی تەواو تاکڕەو دەبات.
ئامۆر رۆژی سێشەممەش لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕواناکەی ئیمامئۆغڵو لەلایەن زانکۆی ئیستانبوڵ رایگەیاند، سیاسەتی تورکی بەردەوامە لە داهێنانەکانی و لێسەندنەوەی ئەو بڕوانامەیە، کە بۆ 35 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، تەنیا دەتوانرێت وەک رێگریکردن لە بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا تەماشا بکرێت.