لڤین
لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد لە پارێزگای هەڵەبجە دانرا.
لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، ئامادە بوون.
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پرۆژەکە پردێکی ستراتیجییە و تێچووەکەی زیاتر لە 26 ملیار دینارە و درێژییەکەی نزیکەی 600 مەترە.
گوتیشی، دەبێت بەڵێندەر لەماوەی 900 رۆژدا تەواوی بکات.
دانا عەبدولکەریم گوتیشی، لەماوەی رابردوودا و لەم کابینەیە رێگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەبڕی 560 ملیار دینار چاککردنەوەیان بۆکراوە.
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا رێگەی هەڵەبجە – مەرزی سازان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندیی لەسەر دەدرێت، کە تێچووەکەی سەروو 60 ملیار دینارە و درێژیی دەگاتە 22 کیلۆمەتر.