لڤین
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوامە لە ناردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ بنکەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و بەهێزترکردنی پێگەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
بەگوێرەى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی 10 رۆژدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەش فڕۆکە و 66 بارهەڵگر کەلوپەلی سەربازیی رەوانەی بنکەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە.
کەلوپەلە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، کە بە بارهەڵگر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراوە، لەڕێگەی دەروازەی وەلیدی سنوورییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا روانەکراون.
هاوکات لەماوەی ئەو 10 رۆژەدا، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راهێنانی سەربازییان بە فیشەکی زیندوو ئەنجامداوە، کە چەکی قورسیشی تیادا بەکارهاتووە.
ئامانجی راهێنانەکە، بەگوێرەى روانگەی سووری، بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزە بەشدارەکان و بەرزکردنەوەی ئامادەباشییانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە.