لڤین
وەزیری شارەوانی رایگەیاند، ئەو شارەوانییانەی زەوییان نییە لە شوێنی دیکە بۆیان دەدۆزرێتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەكانی شارەوانی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكانیان كار لەسەر چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێكی یاسایی و هونەری و پرۆسەی قەرەبووكردنەوە و دەستنیشانكردنی زەوی بكەن و هەوڵبدرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە راپۆرت كارەكانیان لەگەڵ گرفتەكانیان بخەنەڕوو، ئەو شارەوانییانەی زەوییان نییە، زەویان لە شوێنی دیکە بۆ بدۆزنەوە، هەروەها رووپێو و پێداویستیی پرۆسەكەش دابینبكرێت و كێشەكان چارەسەربكرێن، دەبێت پرۆسەكە بە باشی بەڕێوەبچێت”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دەكات و جەختیش لەسەر چارەسەركردنی گرفتە هونەری و یاسایی و لۆجستییەكان دەكاتەوە تاوەكو پرۆسەكە باشتر بەڕێوەبچێت”.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وتەکانی وەزیری شارەوانی لەمیانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەیەکدا هاتووە کە ئەمڕۆ یەكشەممە تایبەت بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بەڕێوەچوو.