لڤین
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لە شەڕ و گرژییەكانی دوێنێی سوریادا، 238 كەس كوژراون كە زۆرینەیان مەدەنی بون و لەسەر دەستی چەكدارانی سەربە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع، گولـلەباران و كۆمەڵكوژ كراون و لەنێو گوللـەبارانكراوەكاندا 10 ژن و 5 منداڵ هەبون.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئاماری شەڕ و پێكدادان و ئاڵۆزییەكانی دوێنێ هەینی لەنێوان چەكدارانی عەلەوییەكان و چەكدرانی سەربە حكومەتی دیمەشق بڵاوكردەوە.
بەپێی ئامارەكە دوێنێ 238 كەس كوژراون كە 162 كەس لەوانە مەدەنی بون و لە پێنج كۆمەڵكوژیدا لە پێنج ناوچەی جیاوازی تەرتوس، بانیاس، جەلبە، لازقیە و حەما لەسەر دەستی چەكدارانی حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع راستەوخۆ گوللـەباران كراون.
وەك روانگەی سوری ئاماژەی پێداوە لەنێو ئەوانەی گولـلەباران كراون 10 ژن و 5 منداڵ هەبون، كە لەسەر دەستی چەكدارانی حكومەتی دیمەشق، لە شاری بانیاس گوللـەباران كراون.
روانگەی سوری وتوشیەتی، هەر دوێنێ 34 چەكداری سەربە هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی سوریا لە ناوچەكانی دەوروبەری جەبلە و دەوروبەری لازقیە كوژراون و هەروەها 42 چەكداری سەربە گروپە چەكدارە عەلەوییەكان لەو دو ناوچەیە كوژراون.