لڤین
لە وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ-دا، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا رەت دەکاتەوە دەڵێت: لەکاتێدا ئەمەریکا فشارەکانی زیاتر دەکات، ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین و ترسمان لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل نییە.
سەبارەت بە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی ناردووە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا رایگەیاندووە: دەڵێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین.
عەراقچی دەڵێت: “ئێمە هیچ گفتۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا ناکەین، هەتا ئەو کاتەی سیاسەتی “ئەوپەڕی فشار” لەسەر وڵاتەکەمان هەڵنەگرێت”، دەشڵێت: “ئەوە بەمانای ئەوە نایات دانوستان لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکە ناکەین، بەڵکو ئێمە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپی دەکەین، ئەو گفتوگۆیانە دەتوانرێت بەردەوام بێت، پێمانوایە دەتوانین بگەینە رێککەوتن”.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی قسەی کردوە و دەڵێت: “ئەگەر ئەمەریکا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، پێویستە مەرجەکانی دانوستانێکی دادپەروەرانە لەبەرچاو بگرێت”، وتیشی: “ئێمە سەلماندوومانەی کە وەڵامی زمانی هەڕەشە و فشار نادەینەوە، بەڵکو بە زمانی رێز و کەرامەت وەڵام دەدەینەوە، وەک چۆن لە رابردوودا وامان کردووە”.
لە وڵامی پرسیاری هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، عەراقچی وتی: “ناتوانرێت لە رێگای ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەناوببرێت لەبەر چەند هۆکارێک”، سەبارەت بە هۆکارەکان وەزیرەکەی ئێران دەڵیت: “هۆکاری یەکەم ئەوەیە ئەوەی ئێمە بەدەستمانهێناوە تەکنەلۆژیایە، تەکنەلۆژیا عەقڵە، تاتوانرێت عەقڵ بۆمباران بکرێت”.
سەبارەت بە هۆکارێکی دیکە عەراقچی وتی: “دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە چەندین شوێنی وڵاتەکە هەیە و زۆر بەباشی پارێزراوە، ئێمە دڵنیاین ناتوانرێت لەناو ببرێت”.
هۆکاری کۆتایش وەک عەراقچی باسی لێوە کرد ئەوەیە کە “ئێران توانای هەیە بە توندی وەڵام بداتەوە… ئیسرائیلییەکان خۆشیان ئەوە دەزانن”، دەشڵێت: “وڵاتانی ناوچەکەش دەزانن، کە هەر کردارێک دژی ئێران، هەمان کردار دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەرێت”.
عەراقچی پێیوایە کە ئەگەر ئیسرائیل و ئەوانی دیکە دڵنیابوونایە کە لە رێگای گورزی سەربازییەوە ئامانجەکەیان بەدیدێت، ئەوا دوودڵ نەدەبوون لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران، بەڵام ئەو ئەگەرانە بەدینایەت.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوەهات، ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنس نێتۆرک باسی لەوەکرد کە دوێنێ نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە. سەبارەت بەوەی کە چی وتووە لە نامەکەدا ترەمپ دەڵیت: “وتومە هیوادارم دانوستان بکەیت، چونکە ئەوە زۆر باش دەبێت بۆ ئێران”.
وتیشی “دوو رێگە هەیە لەبەردەم ئێران کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، یان گورزی سەربازی، یان رێککەوتن”، ترەمپ دەشڵێت: “من پێمباشە رێککەوتن بکەین، چونکە نامەوێت لە ئێران بدەم”.
دۆناڵد ترەمپ، لە 2018 لە ئیدارەی پێشوویدا، تاک لایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سیاسەتی “ئەوپەڕی فشار”ـی جێبەجێکرد؛ ئەوەش ئێرانی توشی قەیرانێکی دارایی سەخت کردووە و تائێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنێت.