لڤین
سوپای تورکیا گوندی گەڵاڵەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، لە دواى بڵاوکردنەوەى بانگەوازەکەى رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بۆ ئاشتی تاوەکو ئێستا سوپاى تورکیا زیاتر لە 10 هێرش و بۆردوومانی لەناو خاکى هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی رایگەیاند، کاتژمێر 23:40ـی شەوى رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆلانیان لە گوندی گەڵاڵەی سەربە شارۆچکەى ماوەت لە پارێزگای سلێمانی کرد.
گوتیشى، بەهۆی نزیکی بۆردوومانەکە لە ناو شارەدێى گەڵاڵە، تەواوی گوندنشینان هەستیان پێکردووە و خانووەکانیان لەریوونەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکان، لە رۆژی 27ـی شوباتەوە کە رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بانگەوازی ئاشتی بڵاوکردەوە، سوپاى تورکیا زیاتر لە 10 هێرش و بۆردوومانی لەناو خاکى هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، لە ئێستادا سوپاى تورکیا 71 بارەگاى لە هەرێمى کوردستان هەیە و تەنیا لە ساڵى 2024 بەهۆى بۆردوومانى سوپاى تورکیاوە نۆ هاونیشتمانىی گیانیان لەدەستداوە.