لڤین
بەڕێوەبەریی پەیوەندییەکانی ناوەندیی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی لەبارەی گرنگیی ناوەندەکەوە رایگەیاند، “شاری سلێمانی دەباتە ناو نەخشەی بانکە داراییە نێودەوڵەتییەکان”.
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەریی پەیوەندییەکانی ناوەندیی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ناوەندەکە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی بوارەکانی ئابوری و دارایی بەشێوازێکی سەردەمییانەو پێشکەوتوو.
وتیشی، “ناوەندەکە پێکهاتووە لە ژمارەیەک ناوەند و سەنتەری بازرگانی، وەک: کۆمەڵێک بانکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی، هەروەها کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیای تایبەت بە فرۆشتنی پشک و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابوری، سەنتەرێکی راهێنان و سەنتەری زیرەکی دەستکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندەکە گرنگیی بۆ شاری سلێمانی هەیە و شارەکە دەباتە ناو نەخشەی جیهانیی ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها، بانکی ناوەندی عێراق پلانی هەیە لە داهاتوودا لقێکی رەسمی لە هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو بانکی “رافیدەین و رەشید” لیژنەی تایبەتمەندییان ناردووە بە مەبەستی دیاریکردنی شوێنەکانیان لە ناوەندەکەدا، بەڵام رێکارەکانی تەواوکردنی مامەڵەکانییان لەئێستادا تەواونەبووە و لەسەر رەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ماوەتەوە.