لڤین
هێزەكانی سوریای دیموكرات لەئاماری رۆژانەی خۆیدا لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكان ئاشكرایكرد، “هێزەكانیان بە چەكی قورس گورزیان لە پێگەیەكی كۆبوونەوەی چەتەكان داوە”.
هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت “هێزەكانمان بەچەكی قورس خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیان لە پردی قەرەقۆزاق كردە ئامانج، بە هۆیەوە هەشت چەتەی فەوجی جوند حەمەرین كوژران، كە یەكێكیان بەرپرسی باڵا بووە، هەروەها ١٣ چەتەی دیكە بریندار بوون”.
دەشڵێت “هاوكات یەكینەكانی شەهید هارون دوو ئۆپەراسیۆنی سەركەوتوویان لە دژی چەتەكان لە گردی خودی و نەورۆز ئەنجامدا، بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلێكی چەتەكان لەناوبرا بەڵام ژمارەی كوژراو و بریندارەكان دیار نییە”.
هەسەدە ئاشكراشیكرد “هاوكات هێزەكانمان توانییان دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بخەنەخوارەوە، ئەمە لەكاتێكدایە فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك بەردەوام دەوروبەری بەنداوی تشرین بۆردوومان دەكەن، هەروەها تۆپخانەكانیشیان بەردەوامن لە بۆردوومان”.
راشیگەیاند، لە گوندی خەربەت زەمانی نزیكی بەنداوی تشرینیش فڕۆكەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك چەند هێرشێكیان ئەنجامدا، هیچ زیانێكی نەبوو، بەڵام فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی تورك هاوڵاتییانی مەدەنییان لە بەنداوی تشرین كردە ئامانج، بەهۆیەوە ١٠ هاوڵاتییانی مەدەنی بریندار بوون.