لڤین
هێزەکانی هەسەدە بۆ رێگریکردن لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، چەکی پێشکەوتوو و هێزی تایبەتیان رەوانەی ناوچەکانی گرێسپی و سەرێکانی و دەوروبەری حەسەکە کردووە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی هەسەدە ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکانی گرێسپی و سەرێکانی بەرزکردووەتەوە و چەکی پێشکەوتوو، دووربینی شەو، چەکی دژە درۆن، درۆنی هێرشبەر و چاودێرییان رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، جموجوڵەکەی هەسەدە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سەربازییان لەو ناوچەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەسەدە زانیاریی دەستکەوتووە، کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەیانەوێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەسەرێکانی و گرێسپی بکەنەوە، تاوەکو توانای هێزەکانی هەسەدە لە شەڕی بەنداوی تشرین کەم بکەنەوە.