لڤین
هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکی گەریلاکانی ئازادیدا لە دژی سوپای تورکیا، لە زاپ و مەتینا سەربازێک کوژرا، دوو سەربازی بریندار بوون و کامێرایەکی چاودێریش لەناوبرا.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى چالاکییەکانی گەریلا و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، گەریلا لە ڕۆژانی ٢٣ تا ٢٨ـی کانوونی یەکەم ١٥ چالاکییان لە دژی سوپای داگیرکەرى تورک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار و شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا لە هەرێمی مەتینا ئەنجام داوە.
هەپەگە ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەی گەریلادا داگیرکەرێک سزا درا، دوو داگیرکەریش بریندار بوون و کامێرایەکی چاودێری لەناوبرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٨ـی کانوونی یەکەم تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم و جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ هەشت جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و جارێک بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردومان کراون، هەروەها تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ جارێک بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کراوە.
هەپەگە باسی لەوەشکرد، ڕۆژانی ٢٤-٢٨ـی کانونی یەکەم گۆڕەپانەکانی بەرخودانی بەربزن، لۆلان، قەلە و شاخی شەهید هاوار لە هەرێمی خواکورک، گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی جودی و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانەکانی سێدارێ، شاخی زەنگیل، دەشتی کافیا، یەکماڵ و شاخی کون لە هەرێمی گارە، بە گشتی؛ ٢٦ جار ئەو شوێنانە بە فرۆکەی شەڕ بۆردومان کراون.
هەروەها ٢٥ـی کانونی یەکەم، گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٨ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر هێرشی کراوەتە سەر.