لڤین
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتوەکان (یونیسێف) بڵاویکردەوە، ساڵی 2024 یەکێکە لە خراپترین ساڵەکان بۆ منداڵانی ئەو ناوچانەی كە شەڕی تێدایە و بەناوچە جێناکۆکەکان ناسراون كە نزیكەی 473 ملیۆن منداڵ لەو ناوچانە دەژین و ژمارەیان ڕو لە زیادبونە، دەشڵێت، “ئەو منداڵانە دەکوژرێن، بریندار دەبن، ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن، کوتانی گرنگ وەرناگرن یان بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن”.
کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ئەمڕۆ شەممە لە ڕاپۆتێكدا بڵاویكردەوە، “بە نزیکەیی بە هەمو پێوەرەكان، ساڵی ٢٠٢٤ یەکێک بو لە خراپترین ساڵەکان بۆ منداڵانی ناوچە جێناکۆکەکان لە مێژوی ڕێکخراوەکەدا، چ لە ڕوی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە زیانیان بەرکەوتوە و چ لە ڕوی ئاستی کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانیان”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، “نزیکەی 473 ملیۆن منداڵ لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین، واتە لە هەر شەش منداڵێک لە جیهان، زیاتر لە یەک منداڵ لەو ناوچانە دەژین، هەروەها ژمارەی ئەو منداڵانەشی كە بە زۆرەملێ ئاوارەبون لە ماڵەکانیان بەهۆی شەڕەوە، لە جاران زیاتر بوە”.
ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردوە، ڕێژەی ئەو منداڵانەی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین بۆ دو هێندە زیادیکردوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا نزیکەی 10% بوە، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 19% زیادیكردوە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو منداڵانە دەکوژرێن، بریندار دەبن، ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن، کوتانی گرنگ وەرناگرن، یان بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن.