لڤین
هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیەندراوێکی لەبارەی پێکدادانەکانی نزیک مەنبج بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی مەنبج پێکدادانی توند لەنێوان ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج و چەکدارانی گرووپەکانی تورکیا روویداوە، پێنج چەکداری گرووپەکان کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
دەشڵێت، شەڕڤانەکانیان سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی چەکدارەکانیان تێکشاندووە، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە و چەکدارەکان لە ناوچەکە هەڵاتوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بۆردومانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاقی کردووە و زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە، لە ناوچەی زرکانیش بە درۆن خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤای بۆردومان کردووە و ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش و ئەندامێکی هێزی سەربازی گیانیان لەدەستداوە، چوار ئەندامی دیکەش بریندار بوون.