لڤین
هێزەكانی ئەمریكا گەیشتنە كۆبانێ و لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە كۆبوونەوە و هاوكات لە چەند میحوەرێكەوە هێزەكانی هەسەدە لەپێشڕەویدان.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان لە سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج هێرشیان کردۆتە سەر دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی تورکیا، کە چەکی قورسی جۆری دۆشکایان لەسەر بووە و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی بی ئێم پی سەربازیش، کە لە ئاکامی هێرشەکەدا هەر سێکیان تێک شکێندراون.
ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج سەبارەت بە هێرشەکە ڕایگەیاندووە، کە لەو هێرشەدا لانیکەم ٣٠ چەكداری تورکیا کوژراون.
هاوكات، بەپێی ڤیدیۆی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كاروانێكی هێزەكانی ئەمریكا گەیشتوونەتە كۆبانێ و لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” كۆبوونەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە شەوی ڕابردووەوە لە چەند میحوەرێكەوە لە بەنداوی تشرین و مەنبج و سەرێ كانی و گرێ سپی، هێرشی پێچەوانەی هێزە كوردییەكانی (یەپەگە و یەپەژە) و هێزەكانی (هەسەدە) بۆ سەر چەكدارە سوورییەكانی سەر بە توركیا دەستی پێكردووە و چەندین ناوچە كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە.