لڤین
“مه‌زلوم عه‌بدى”فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ڕایگه‌یاند: لێدوانه‌كانی ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی “ته‌حریر شام” به‌رامبه‌ر به كورد و ته‌واوی گه‌لی سوریا ئه‌رێنین، به‌ڵام شێوازی مامه‌ڵه‌ی ئه‌وان داهاتوی سوریا دیاریده‌كات.
مه‌زلوم عه‌بدی، له دیدارێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند: لێدوانه‌كانی ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی ته‌حریر شام به‌رامبه‌ر به كورد و ته‌واوی گه‌لی سوریا ئه‌رێنین و ئاماده‌یی خۆی بۆ كاركردن له‌گه‌ڵیدا ده‌ربڕی به ئامانجی گه‌یشتن به سه‌قامگیری هه‌میشه‌یی له سوریا، به‌ڵام شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی ته‌حریر شام له‌گه‌ڵ دۆسیه بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا، داهاتوی سوریا دیاری ده‌كات، كه ئایا سوریا به‌ره‌و سه‌قامگیری ده‌ڕوات یان گرژی و پێكدادان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه: ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی شاندێك كه نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كان و مه‌زهه‌به‌كان بكات بۆ دیمه‌شق، به‌ڵام هێرشه‌كانی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كان ڕێگریان له‌و بابه‌ته كردوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “ئێمه هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش هه‌یه و ئاماده‌ین بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له داهاتودا، هاوكات داوای له گه‌لی سوریا كرد ده‌ستبه‌رداری توندوتیژی بن و په‌نا بۆ زمانی دیالۆگ ببه‌ن، چونكه سوریا به‌رگه‌ی شه‌ڕی دیكه ناگرێت، هاوكات داوای له گه‌لانی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا كرد به كورد و عه‌ره‌ب و سریانی و هه‌مو پێكهاته‌كانیه‌وه ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزن و خۆیان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاماده بكه‌ن بۆ بنیاتنانی سوریای داهاتوو.