لڤین
سبەینێ لە سنووری قەزای كەلار دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دەستپێدەكات و بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر دەڵێت: تا كۆتایی مانگی داهاتوو سەرجەم هاووڵاتیان نەوت وەردەگرن.
بەڕێوەبەڕایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئاگاداری هاووڵاتیانی سنووری قەزای کەلار دەکەینەوە سبەینێ 4ی 11ی 2024، سەردانی وێستگەکانی (کەلار ئۆیل – کەیوان – شێروانە – دریم ئۆیل) بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی نەوتی سپی.”
ئاماژەی بەوەشكرد، كە “بڕی نەوتەکە یەک بەرمیلە واتە 200 لیترە، کە بەنرخی پاڵپشتیکراو بە 104 هەزار دینارە”.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیان دەشڵێت: “هاووڵاتی پێویستە، کۆبۆنی ئەسڵی نەوت و کۆپی ڕەنگاوڕەنگی کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ کارتی نیشتمانی پێ بێت.”
لای خۆشیەوە، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر ڕایگەیاندووە، کۆی گشتی ئەو نەوتەی پێویستمانە بۆ ئەوەی لە ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکەین ١٠٠ملیۆن لیتر نەوتە، تا ئێستاش ٥٠ ملیۆن لیترمان دابەش کردووە.
وتیشی: بەپێی ئەو بەرنامەی دانراوە پێویستە تا ٣١/١٢ ھەموو ماڵێک نەوتی خۆی وەرگرتبێت، بە مەرجێک بریکارەکان ھاوکاریمان بکەن، چونکە ئێمە دەتوانین مانگانە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن لیتر دابەش بکەین، بۆیە ئەگەر بریکارەکان ھاوکار بن لە مانگی داھاتوو دابەشکردنی نەوت تەواو دەبێت.