لڤین
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، زۆری ژمارەی دەنگی پووچەڵ لە دەنگدانی تایبەت نیشانەی ئەوەیە کە پێشێلکاری لە هەڵبژاردن کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە رەتدەکەنەوە.
ئەمرۆ شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، موسەنا ئەمین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە رایگەیاند، “ئەوەی وایکردووە کە زیاتر لە 30%ـی دەنگی هێزە ئەمنییەکان پووچەڵ بکرێتەوە، ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە بە ویستی خۆیان دەنگ بدەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوا لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کراوە، کە وێنەی دەنگەکان بگرن و ئەوانەشی کە وێنەی دەنگەکانیان گرتووە، بڕی 75 هەزار دیناریان پێدراوە”.
هەروەها موسەنا ئەمین، داواشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، خۆیان لە هەموو لایەنگیرییەک بەدوور بگرن و داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، مۆدێلێکی جوان لە ئازادی و دیموکراسی پیشان بدەن.
لەبارەی قبووڵکردنی ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەتیش، رەتیکردەوە ئەوان وەکو یەکگرتووی ئیسلامی ئەنجامەکە قبووڵ بکەن و وتی، “قبووڵنەکردنی ئەنجامی دەنگدان گەورەترین تانەلێدانە لە پڕۆسەکە”.