لڤین
وتەبێژی حكومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەڕی ئەوان لەگەڵ گەلی لوبنان نیە بەڵكو لەگەڵ حزبوڵای ئەو وڵاتە و ئێرانە و ئۆپەڕاسیۆنەكانیان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیەكانیانە بۆ باكوری ئیسرائیل، هەروەها لەبارەی جەنگی غەززەوە دەڵێت، “حەماس بەرپرسیارە لە بەردەوامیی جەنگەكە”.
دەیڤید مینسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان لەگەڵ حزبوڵای ئەو وڵاتەدایە نەک لەگەڵ گەلی لوبنان.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بۆ ئەوەی لوبنان بە تەواوی نەڕوخێت و پێویستە لە زوترین كاتدا حزبوڵا، باشوری لوبنان و ئەو دیو ڕوباری لیتانی بەجێبهێڵێت، هەروەها ئێرانیش بەپەلە لە لوبنان بكشێتەوە”.
وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل باسی لەوەشكرد، “لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردوە، چونکە ئێران و حزبوڵا کاریگەرییان لەسەری هەیە و بە بنکەیەکی دەزانن بۆ ئەنجامدامی كارەكانیان”.
ئەوەشی خستەڕو، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە لوبنان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەیانە كە بەهۆی جەنگەوە ماڵەكانیان جێهێشتوە لە باكوری ئەو وڵاتە كە ژمارەیان 65 هەزار کەس دەبێت و پێویستە ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە.
لەبارەی جەنگی غەززە وتەبێژەی حكومەتی ئیسرائیل وتی، “بزوتنەوەی حەماس بەرپرسیارە لە بەردەوامیی جەنگ، كۆتایهێنان بە جەنگ لە ئەستۆی ئەوانە بەوەی چەك دابنێت و بارمتە ئیسرائیلیەكانی ئازاد بكات”.