لڤین
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامیی ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن سەرئێشە نییە بەڵکو چارەسەرە و موشاغەبە و کێشەنانەوە پیلانێکە بۆ نەهێشتنی سەنگی پەرلەمان، هەروەها دەشڵێت، “دەبێت ئێمە دوربین لە لەزر و تای هەڵبژاردن، نمونەی جوان و باش پێشکەش بکەین”.
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمڕۆ شەممه لەمیانەی کۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەكەی لە هەڵەبجەی شەهید رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن سەرئێشە نییە بەڵکو چارەسەرە، ئەو حەسانەی پەرلەمانتار دەبێتە خاوەنی، دەتوانێ ببێتە چاودێرێکی باش بەگشتی بەسەر کاروباری دەوڵەتەوە و موشاغەبە و کێشەنانەوە پیلانێکە بۆ نەهێشتنی سەنگی پەرلەمان بۆ ئەوەی خەڵکی لە پرۆسەکە دوربکەونەوە، ئەوان دەبێت رێگربین لەو پیلانە نەخوازراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، “سیستەمی پەرلەمانی سیستەمێکی دروستە، سیستەمێکی هاوچەرخ و گونجاوە، ئەوەی کە کراوە لەڕابردودا ئەوەیە ئەو پرۆسەیە عەیبدار دەکرێت، پرۆسەکە دوائەخرێت، یان وەکو دەسەڵاتدار هەیمەنەی خۆی زاڵ دەکات بەسەریدا و پەکی دەخەن، ئەمە بە پیلان دەکرێت”.
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین باسی لەوەشكرد، “ئێمە کارمان ئەوەیە ببینە رێگر لەبەردەم ئەو پیلانە خراپانە، ببینە چارەسەر بەو ئەندازەی کە مومکنە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە ساحەکە نییەتی چاککردنی دۆخەکەیان هەیە”.
ئەوەشی خستەڕو، پرۆسەی هەڵبژاردن هەندێ لەرز و تای هەیە کە خوازراو نییە، ئەوان دەبێت لەو لایەنەوە دوربن و نمونەی جوان و باش پێشکەش بکەین.