لڤین
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای گیلان رایگەیاند، چوار کەس لە شاری رەشت بەهۆی ژەهراوبوونیان بە کحول گیانیانلەدەستداوە.
محەمەد تەقی ئاشوبی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران رایگەیاند، 20 کەس بەهۆی لاوازی و بێحاڵی، لێڵبوون لە بینین و گرژبوونی جەستەییانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، کە شەش کەسیان بەهۆی خراپیی باری تەندروستییان خراونەتە ژێر چاودێریی چڕ.
ئەوەشی راگەیاند، ئەو کەسانە کێشەیان لە گورچیلەدا بۆ دروستبووە و پێویستیان بە شۆردنی هەیە تاوەکو ئاستی ژەهراویبوونەکەیان کەمبێتەوە.
ئاشوبی گوتیشی، ئەو چوار کەسەی گیانیانلەدەستداوە، تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 40 ساڵدایە، هۆکاری گیانلەدەستدانەکەشیان بۆ ژەهراویبوونی چڕ بە ئیسانۆڵ، یان میسانۆڵ دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی رابردووی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لە ئێران زیاتر لە 500 ملیۆن لیتر کحول بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، ئێران پلەی نۆیەمی لە ئاستی جیهاندا بۆ بەکارهێنانی کحول هەیە.
هەر یەک لەو کەسانەی لە ئێران کحول بەکاردەهێنن بەشێوەی تێکڕا لە یەک ساڵدا زیاتر لە 24 لیتر کحول بەکاردەهێنن و 72% کحولی بەکارهاتوو لە ئێران دەستسازی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.
بەلانیکەمیشەوە ساڵانە بەهۆی کحولی ساختەوە زیاتر لە 100 کەس لە ئێران گیانلەدەست دەدەن.