لڤین
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوەکەدا بەمجۆرە روونکردنەوەی لەبارەی ئەم پرسەوە بڵاوکردووەتەوە:
١- وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە و دوور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە.
٢- هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستانە.
٣- ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون.