لڤین
لە نوێترین لێدواندا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت” هاوتاکردن و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی موچە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە هەنگاو بەهەنگاو ئەوە جگە لە ناونیشانی وەزیفی کە پێویستی بە پێداچونەوە هەیە”.
ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی دەڵێت” هاوتاکردن و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی موچە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە هەنگاو بەهەنگاو ئەوە جگە لە ناونیشانی وەزیفی کە پێویستی بە پێداچونەوە هەیەو جیاوازیمان هەیە لەگەڵ عێراق، چەندین جیاوازی تریش هەن لەوانە لەسەر ئاستی پەرلەمان و دادگاو تەمەنی خانەنشینی و پاداشتی کۆتایی خزمەت، ئەوانە هەمووی پێویستی بەڕێکخستنەوە هەیە”.
لەبارەی “هەژمارەی منەوە” وەزیری دارایی وەسفێکی زۆری ئەو سیستەمە دەکات و دەڵێت” چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بەشی زۆری موچەخۆران خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار بکەن.
حەملەیەکی ناڕەوا دژی پرۆژەی (هەژماری من) کرا، دەبوایە وانەبوایە، (هەژماری من) سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوگین دەکرێت هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە موچەخۆران دەکرێت، موچەخۆرو فەرمانبەر دەتوانێت قەرز وەرگرێت، دەتوانێت پارە بنێرێ و وەرگرێ، دەتوانێت لەڕێی ئۆنلاینەوە شت بکڕێت لە هەرکوێ ویستی پارە راکێشێت”.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاواتی شێخ جەناب دەشڵێت” (هەژماری من) لە بەغداو هەرێم بێنەو بەردەیەکی زۆری لەسەر دروستبوو دواجار دادگای فیدراڵی بابەتەکەی یەکلاکردەوە، بەڕونکردنەوەیەک رایگەیاند هەموو ئەو بانکانەی لە ژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیدان دەتوانن تەوگین بکەن، هەموو بانکەکانی ناو هەژماری من کە لە ئێستادا ژمارەیان هەشت بانکەو زیاتریش دەبن لەژێر کۆنترۆڵ و رێنمایی بانکی ناوەندیدان”.
” لە ئێستادا نزیکەی (٥٠٠ هەزار) فەرمانبەر خۆیان لە سیستەمی (هەژماری من) تۆمار کردووەو ئەم مانگە (١٢٠ هەزار) کەس لەڕێی هەژماری منەوە موچەیان وەرگرت، لە هەولێر ٩٦%و لە دهۆک لە ٩٢%و لە سلێمانی لە ٣٧% خۆیان تۆمار کردووە و ڕێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.”
وەزیری دارایی ئاماژە بەوە دەکات، لەڕێی ئەم سیستەمەوە موچەخۆر دەتوانێت لە ١٥ ملیۆن و زیاتر سلفەو قەرز وەربگرێت، ئێستا عێراقیش بەرەو ئەوە دەڕوات سیستەمێکی هاوشێوەی هەرێم دروستبکات، لەو تەوگینەی لە عێراق و بانکی رەشید و ڕافیدەین هەیە خزمەتگوزارییەکە وەک هەرێم پێشکەوتوو نییە.