لڤین
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هاوڵاتیان دەنگی ڕاستەوخۆ دەدەن بە کاندیدی دڵخوازی خۆیان، بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوی یەکەمی پرۆسەکەیە. تەنها دەنگی هاوڵاتیان براوە دیاری ناکات. بەڵکو دەرئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دەستەی بەربژێران یەکلایی دەکرێتەوە کە ٥٣٨ ئەندامە. دەنگی هاوڵاتیانی هەر ویلایەتێک ئاراستەی چۆنیەتی دەنگدانی دەنگدەرەکانی دەکات، کاندیدێک پێویستی بە لانیکەم ٢٧٠ دەنگی دەستەی بەربژێران هەیە بۆ دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆکایەتی. ئەم سیستەمە ئاڵۆزە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کاتێکدا ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ دەنگ دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە دەستەی بەربژێران کە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاری دەکات.
دەستەی بەربژێران کێن؟
ژمارەی ئەندامانی دەستەی بەربژێران بریتییە لە 538 ئەندام، سێ ئەندامی لە ژمارەى ئەندامانی کۆنگرێس زیاترە، ئەوانیش نوێنەرایەتی واشنتنی پایتەخت دەکەن، کە لە کۆنگرێس نوێنەرایەتییان نییە. ویلایەتێکی وەک کالیفۆرنیا، کە گەورەترین ولایەتە، 54 نوێنەری لە دەستەی بەربژێران هەیە، ئەویش هەمان ژمارەی نوێنەرەکانیەتی لە کۆنگرێس. بەڵام ویلایەتی ئالاسکا، سەرەڕای فراوانیی رووبەرەکەی، بەڵام تەنیا سێ نوێنەری لە دەستەی بەربژێران هەیە، چونکە یەکێکە لەو ویلایەتانەی کەمترین چڕیی دانیشتوانی هەیە. هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پشت بەو بنەمایە دەبەستێت, براوە هەموو شتێک دەبات، بەو مانایەی هەر بەربژێرێک زۆرترین دەنگەکانی ویلایەتێکی بەدەستهێنا، دەنگی تەواوی دەستەی بەربژێران دەبات، تەنانەت ئەگەر جیاوازییەکی زۆر کەمیشی لەگەڵ رکابەرەکەیدا هەبێت.