هەڵبژاردن داواکارییەکی سەرەکی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانە کە ئەدای سیستەمی سیاسی ڕەتدەکەنەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە خۆی دەبینیت لە داوای سنووردارکردنی گەندەڵی وخزمایەتی و چارەسەرکردنی نەبوونی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی ملکەچبوون بۆ وڵاتە ناوچەییەكان کە دەستیان کردووە بە دەستوەردان لە کاروباری ئابووری و سیاسی و ئەمنی عێراق. ئەمەش سەڕەڕای بڵاوبوونەوەی بێکاری و تێکچوونی بارودۆخی ژیان و دابەزینی داهاتی هاووڵاتیانی ئاسایی و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
لە هەموو ئەزموونە دیموکراسیەکانی جیهاندا، هەڵبژاردن وەک پێوەرێکی ڕاستەقینەی پابەندبوونی سیستەمێک بە بنەمای بەشداریکردنی جەماوەرەوە دەردەکەون. بەڵام لەهەمان كاتدا نوێنەرایەتی زەمینەیەکی بەپیت دەکەن بۆ ئەوەی کە دەتوانرێت پێی بڵێین “گوناهی هەڵبژاردن” كەپێشێلکاری و پراکتیزەکردنی نایاسایی یان نائەخلاقی کە ئیرادەی دەنگدەر دەشێوێنێت و پرۆسەی دیموکراسی تێکدەدات.
ئەم سەرپێچییانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازن، بەڵام زۆرجار لەچەند خاڵێكدا هاوبەشن وەك کڕینی دەنگ، ساختەکاری لە هەڵبژاردن، خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی و میدیای دەوڵەت، سەپاندنی کاریگەریی حزبی، پەراوێزخستنی کەمینەکان و دەستکاریکردنی ناوچەی هەڵبژاردن. لە هەندێک وڵاتدا ئەم پێشێلکارییانە دەتوانن بگەنە ئاستێک کە مەترسی لەسەر ئاشتی مەدەنی دروست بکەن، کاتێک هاوڵاتیان هەست دەکەن دەنگەکەیان بێ بەهایە و ئەنجامەکانی پێشوەختە دیاریکراون.
عێراق سیستەمێکی هەڵبژاردنی وردی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زۆر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. لە کاتێکدا یاساکە بەشداریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەروەت و سامانەکانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا قەدەغە دەکات، بەڵام سزاکانی سەرپێچیکردن دیاری نەکردووە.
لە هەموو هەڵبژاردنێکدا کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەعێراقدا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە بۆ دابەشکردنی غەنیمەت و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان بەپێی پشکی حزبی، بەبێ گوێدانە ئەدای هەڵبژاردن یان سەرکەوتن یان شکست، لەژێر ئاڵای حکومەتێکی کۆدەنگی. تا ئەم پارتانە لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی یارمەتییەکان پێکەوە کاردەکەن.
کڕینی دەنگ بۆتە جۆرێک لە گەندەڵی سیاسی کە تادێت باو دەبێت. لە ساڵی ٢٠٢٥دا پراکتیکی “کڕینی دەنگ” لە پێدانی ڕاستەوخۆی کاشەوە بۆ بەڵێنی هەلی کار و یارمەتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدەری ساختە یان فرۆشتنی دەنگەکان وەک کاڵایەک فراوانتر بوو. ئەم تاکتیکە بە تایبەتی لەو قەزایانەدا کاریگەر بوو کە هەژاری و بێکاری تووشی کێشە بوون، کە پارە دەبێتە هاندەرێکی بەهێزتر لە بەرنامە سیاسییەکان لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا.
هەندێک گروپی چەکدار لەعێرلقدا گۆڕاون بۆ یاریزانی سیاسی ڕێکخراو کاندیدەکانیان دەخرێنە لیستی هەڵبژاردنەکانەوە، سەرکردەکانیان کاریگەری مەیدانی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ فشارخستنە سەر ئەندامەکانیان، بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی دیاریکراو بدەن، یان پەنا بۆ هەڕەشەکردن وەک ئامرازێکی زۆرەملێ. لە هەندێک حاڵەتدا شتێکی هاوشێوەی “بازرگانی فیشەک بە دەنگ” هەبووە، کە کۆنترۆڵی ئەمنی و ئابووری لە سندوقی دەنگدان بەکاردەهێنرێت.
ئەو لیستانەی سەر بە دەسەڵاتە جێبەجێکارەکان یان ناوخۆییەکان بوون، پۆستەکانیان بۆ فشاری کارگێڕی قۆستەوە لەوانە پێشکەشکردن یان ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان، دامەزراندنی کاتی پێش هەڵبژاردنەکان، یان دەستەبەرکردنی دەنگ لە کارمەندان لە ڕێگەی هاندانەکانی پەیوەست بە کارەوە. وەئەوانەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی پۆست و گرێبەستە حکومییەکانەوە خەرجییەکانیان لە دوای هەڵبژاردن وەربگرنەوە. چاودێران گلەییان لە بەکارهێنانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی هەڵمەت یان جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە ماوەی بانگەشەدا کرد.
بۆ دەستەبەرکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بە ملیارەها دینار خەرج کرا، نرخی یەک کورسی لە زۆرێک لە پارێزگاکان گەیشتە ٦ ملیار دینار. ئەمەش پرسیارێکی چارەنووسساز دەوروژێنێت: ئەم بلۆکە سیاسییانە ئەم هەموو پارەیەیان لە کوێوە دەستکەوت؟
ئەم ململانێیە وایکردووە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان پەنا بۆ شێوازی نوێی پارە پەیداکردن ببەن. ئەوان پەیوەندی بە کەسێکەوە دەکەن کە داوای پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەکات لە هەندێك وەزارەت وەك کارەبا یان نەوت، كە داوای بڕە پارەیەک دەکەن کە لە ٢٥٠ هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات تا ٤٠٠ هەزار دۆلار، کە پێشوەختە وەریدەگرن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریبهێنن و خەرجی بکەن.
هاوپەیمانی نێوان پارتە سیاسییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامە و کەناڵە دیجیتاڵییەکان هەڵمەتی چەواشەکارییان دەستپێکرد، ململانێی تائیفییان هاندا، یان زانیاری هەڵەیان لەسەر کاندیدە ڕکابەرەکان بڵاوکردەوە. هەروەها سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بەکارهێنرا کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداری دەنگدەران یان دەستکاریکردنی ڕای گشتی بوو. ئیستغلالکردنی دەزگا میدیاییە لایەنگرەکان لە ساتەوەختە گرنگەکاندا بۆ وەرچەرخانی بۆچوونی دەنگدەران، نەخشێکی دووبارەبوونەوەیە لە دیمەنی میدیادا.
چاودێران پێیان وایە ئەم ڕەفتارانە ڕەنگدانەوەی گۆڕینی هەڵبژاردنەکانی عێراقە بۆ بازاڕێکی بازرگانی کە دەنگ و کورسییەکان لە ژێر بەرگێکی یاسایی لاوازدا دەفرۆشرێن، هەروەها چاودێری نەکردنی پارەی حزبی و نەبوونی شەفافیەت لە بواری دارایی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی چەسپاندنی دەسەڵاتێكی لەرزۆك .
سەرپێچییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ لە کڕینی دەنگەوە تا ئیستغلالکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان تەنیا شکستی یاسایی نەبوون، بەڵکو دەربڕینێک بوون بۆ ناتەواوییەکی قووڵتر لە پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەتدا. هەر لەبەر ئەمەیەكە سندوقی دەنگدان وەک ئاوێنەیەکی شێواوی ڕەنگدانەوەی دەسەڵات دەمێنێتەوە نەک ئیرادەی خەڵک.
ئه مڕۆ عێراق له به ڕده م هه ڵبژارده یه کی چاره نووسسازدایه ، یان به شێوه یه کی چاکسازی له پڕۆسه ی هه ڵبژاردنه کاندا به ڕده وام بێت که متمانه ی گشتی بگێڕێته وه ، یان بەردەوامكردنی دۆخی نادڵنیایی ئێستا كەشەرعیەتی دامودەزگا سیاسییەكان تێكدەدات و بۆشایی نێوان خەڵك و حكومەت فراوانتر ده کات. “پێداچوونەوە بە گوناهەکانی هەڵبژاردن” لوکسێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی نیشتمانییە کە نوێنەرایەتی دەروازەی ڕاستەقینەی بنیاتنانی دیموکراسییەکی تۆکمە دەکات لەسەر بنەمای یەکپارچەیی سندوقی دەنگدان، نەک لەسەر قورسایی چەک یان دەسەڵاتی پارە.

د.پیرۆت محمد امین
- د.پیرۆت محمد امین#molongui-disabled-link
- د.پیرۆت محمد امین#molongui-disabled-link
- د.پیرۆت محمد امین#molongui-disabled-link
- د.پیرۆت محمد امین#molongui-disabled-link

















