د. ئەمیر حسێن
هەر لە کۆنەوە فەیلەسوف و بیرمەندان زۆرجار ئاژەڵیان وەکو ڕەمز لە وێناکردنەوە و پێشاندانی ڕەهەندی جۆراو جۆری مرۆیدا بەکارهێناوە ، هەندێک جار بۆ ڕونکردنەوەی مەبەست و بیرۆکەکانیان و زۆر جاریش بۆ بەراوردکردن بە نمونە :
سوکرات – لە ڕونکردنەوەی حیکمەتەکانیدا، پرسیار بەرامبەر کاردانەوەی مرۆڤ دەکات کاتێک کەر لوشکەی لێدەدات .
پلاتۆن – لە کۆماردا مرۆڤ وەکو گورگ وێنادەکات کاتێک لە دادپەروەری دادەماڵرێ .
نیچە – پەنا بۆ هەڵۆو گیسک دەبات لە پێناو خستنەڕوی دوانەی سەردارو کۆیلە لە دیاریکردنی سەرچاوەی ئەخلاقدا .
لە چوارچێوەی ئەم کۆنتێکستەدا دەکرێ کەمتیار لە بونەوەرێکی بایۆلۆژیەوە وەک سیمبولێک بگوازینەوە نێو جیهانی فەلسەفە ، بەمەبەستی تیۆریزەکردنی لە ڕەهەندی عەقڵگەرایی و شڕۆڤەکردنی بە نەشتەری لۆژیک، هەوڵبدەین ڕەوشت و هەڵوێستە نامۆ و تایبەتەکانی بخەینە ژێر پرسیار، بە ئامانجی ئاشکراکردنی ڕەفتارەکانی کەسایەتی مرۆڤی کەمتیار لە ڕوی هەڵوێستی هەلپەرستانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی .
کەمتیار ئەگەرچی ئاژەڵێکی دڕندەی ناشیرینی ڕەوشت بێزراوە، هەمیشە لە پشتەوە پەلامار دەدات و زۆر جار خیانەت لە هاوڕێکانی دەکا ، زیاتر لەسەر پاشماوەی ئەو نێچیرانە دەژی ئەوانیتر ڕاویان دەکەن ، هەر بۆیە بە زۆری لەو ناوچانە دەژی شێرو پڵنگ ڕاوی تێدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا کەمتیار ئاژەڵێکی تاکتیکی زیرەکە ، هەرگیز ڕاستەوخۆ ناچێتە شەڕو ڕوبەڕوبونەوە ، سەرکێشی بە هێزو توانای جەستەیەوە ناکات ، ناچێتە شەڕی نابەرابەرەوە کە ئەنجامەکەی مسۆگەر نەبێت ، هەر بۆیە کەمتر خۆی ڕاوی نێچیری زیندو دەکات ، بەڵام تواناو نەفەسێکی درێژی لە چاوەڕوانی هەیە ، چاودێری نێچیرەکەی دەکات تا بەتەواوی ماندوو شەکەت دەبێ یان لەلایەن ئاژەڵێکی ترەوە ڕاو دەکرێ ، ئەوجار پەلامار دەدات ، ئەگەرچی ئەم ستراتیژیە ترسنۆکانە خۆ دەنوێنێ بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئەوپەڕی هەڵوێستی پراگماتیکیانە ، خۆی لە دواخستنی پەلاماردا دەبینێتەوە تا کاتی گونجاو .
ئەم فۆڕمە لە عەقڵی کەمتیاری لە نێو سروشتی سیاسی و ڕەوشی کۆمەڵایەتی هەندێک مرۆڤدا زۆر جار دوبارە دەبێتەوە ، تەنانەت هەندێک گروپ و کۆمەڵە ئەم ستراتیژە لە بەرامبەر نەیارەکانیان یان لە یەکلاکردنەوەی ململانێ کاندا پەیڕەو دەکەن ، لێرەوە ئیتر کەمتیار وەک ڕەمز سروشتە ئاژەڵیەکەی لەدەست دەدات و پەلدەهاوێتە ناو بیرکردنەوەی سیاسی .
– ماکیاڤیلی لە ( میر) دا پێیوایە سەرکردەی سیاسی زیرەک ئەوکەسەنیە بچێتە شەڕی ئاشکراو ڕاستەوخۆوە ، بەڵکو ئەوکەسەیە بزانێ دەرفەت بقۆزێتەوە لە کاتێکدا نەیارەکەی شەکەت و ماندوبوە ، بۆیە دەڵێت : هەلپەرستەکان هەرگیز لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆدا سەرکەوتونابن، بەڵکو بەردەوام سود لە لاوازی نەیارەکانیان وەردەگرن .
– هۆبز لە ( لیڤیاتان ) دا وای دەبینێ سروشتی مرۆڤ جەنگی هەموانە لەگەڵ هەموان ، بۆیە ڕەوایەتی دەدات بە هەڵخەڵەتاندن و هەلپەرستی وەکو ئامڕازی خۆ پاراستن و مانەوە ، لێرەدا کەمتیار وێنەی مرۆڤی سروشتی هۆبزیە ، کاتێک دەڵێت : مرۆڤ گورگی مرۆڤە .
– نیچە جیاوازی دەکات لە نێوان دووجۆر ئەخلاق ( ئەخلاقی سەردار لەسەر بنەمای هێز دامەزراوەو و ئەخلاقی کۆیلە لەسەر فێڵ و تەڵەکە دامەزراوە ) ئاشکرایە دوەمیان دەچێتەوە سەر ئەخلاقی کەمتیار .
– کارل سمیث سیاسەت دەبەستێتەوە بە جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن ( کەمتیاری سیاسی) خۆی بۆ دوژمنەکەی ئاشکرا ناکات ، بەڵکو وەک هاوپەیمان و ڕزگارکەر خۆی دەنوێنێ و چاوەڕێدەکات تا دوژمنەکەی لاواز دەبێ .
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە دەچنەوە سەر عەقڵیەتی کەمتیاری لەلای ڕۆبرت گرین کاتێک بە ستراتیژی چاوەڕوانکردن ناویان دەبات بۆیە لە یاساکانی هێزدا تیۆریزەی کردوەو دەڵێت : دەرفەت بدە ئەوانیتر بەتەواوی خۆیان شەکەت و ماندو بکەن ، دواتر تۆ بەسێنایی بەری ڕەنج و ماندوبونی ئەوان بچنەوە ، هەر بۆیە ئەم فۆڕمە لە ئەخلاقی هەلپەرستانە ، لە فەزیلەتەکانی ئەرستۆدا ، بەتایبەت کاتێک بنەما سەرەکیەکانی ئەخلاق دەگێڕێتەوە سەر ئازایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ ، لە ( زانستی ئەخلاق بۆ نیقۆماخۆس ) دا ، کەمتیار وەک هێمای لادان لە ئازایەتی و کەرامەت خۆی دەنوێنێ ، بەڵام لە دیدی براگماتیانەی ماکیاڤیلی و هۆبزدا ، کەمتیار شەڕانگێزو دڕندە نیە ، بەڵکو بەشێکە لە غەریزەی سروشتی لە پێناو مانەوە ، بەلای نیچەوە کەمتیار ڕاستگۆیە لەگەڵ سروشتی بیرکردنەوەی کۆیلە ، بەڵام هەرگیز توانای نیە وەک سەردار داهێنەرو بەهێزبێت .
لە کۆتایدا “کاراکتەرو کەسایەتی کەمتیاری” تەنیا وەسفێکی بایۆلۆژی ئەبستراکت نییە ، بەڵکو مێتافۆرێکی فەلسەفی – سیاسییە ، فۆڕمێکی نەخۆشی دەروونی ئاشکرا دەکات بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبێتەوە : عەقڵیەتێک لە پەراوێزی ململانێکاندا دەژی و خۆی حەشار دەدات ، شارەزا لە هونەری چاوەڕوانی و تاکتیکی چاودێری ، خاڵی لاوازی ئەوانی دیکە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هێزی خۆی . تێگەیشتن لەم جۆرە عەقڵیەتە سەرەتای وانەیەکە لە ئاشکراکردنی فێڵبازی لەپێناو مانەوە ، ئەمەش جۆرێک لە هۆشدارییە بەرامبەر مەترسیەکی ڕاستەقینە ، کاتێک هەلپەرستی دەبێتە خواستێکی ڕەواو یاسایەکی گشتی ، لێرەوە مەترسیەکی قوڵ خۆی مەڵاس دەدات لەسەر پاراستن و بەردەوامی متمانە یان داماڵینی دادپەروەری لە کۆمەڵگای مرۆیی لەم سەردەمەدا .

















