لڤین
دوو رۆژە ئاگری دارستانەکانی پارێزگای چاناکالەی تورکیا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا، حەوت گوندی نزیکی ئاگرەکە چۆڵکراون.
عومەر تۆرامان، پارێزگاری چاناکالە رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە، حەوت گوند چۆڵکراون و دانیشتووانەکەی بۆ ناوچە پارێزراوەکان گواستراونەتەوە.
رۆژی شەممە، ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی “عەجەبات”ـی سەربە چاناکالە، لە باکووری رۆژئاوای تورکیا کەوتەوە و رۆژی یەکشەممەش بەهۆی بای بەهێزەوە، رووبەری ئاگرەکە زیادی کرد.
سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ئاسمان و زەوییەوە، بە 12 فڕۆکە، 18 هێلیکۆپتەر و سەدان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیاش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە پێنج هەزار ئاگر لە باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە و 90%ـی ئاگرەکانیش، لە مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووە.
لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین ئاگر لە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتوونەتەوە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نیوەی ئەو ئاگرانەی لە 10 ساڵی رابردوودا کەوتوونەتەوە، لە دارستانەکانی ئیزمیر، ئەنتاڵیا و موغڵا بوون، کە رووبەرێکی فراوان و چڕی دارستانیان هەیە.
لە باکووری کوردستانیش، زۆربەی ئاگرەکان لە سنووری پارێزگاکانی خارپێت، مەڕەش و روحا دەکەونەوە.













