لڤین
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت لە کارکردن و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوەو دەشڵێت، گرنگە پێداچونەوە بە داهات و خەرجییەکاندا بكرێت و بەشێوەیەك رێكبخرێنەوە كە کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی موچەخۆران بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خۆستۆتەڕو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕو و لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی موچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچونەوە و وردبینیان بۆ کراوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا، چەند پێشنیارێک خرانەڕو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی موچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمە.
بەپێی رگەیەندراوەكە، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی موچە و شایسەتە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندوە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، موچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە موچەخۆران بە دوری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابوریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچونەوە بە داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی موچەی موچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتییە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.