لڤین
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایان لە نزیک بەنداوی تشرین راگەیاند.
بە گوێرەى راگەیەندراوى هەسەدە، لە هەوڵێکی گرووپەکانى نزیک لە تورکیادا بۆ دەستپێکردنی هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاڵەکانی هێزەکانیان لە گوندەکانى باکووری بەنداوەکە؛ یەکینەکانی شەهید هارون توانیویانە هێرشەکە پوچەڵبکەنەوە و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخەنە خوارەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا و گرووپەکانى نزیک لەو وڵاتە بە تۆپخانەی قورس ناوچەی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد و زیانی ماددیی بەرچاویان لێکەوتووەتەوە، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە بەردەوامی بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕانەوە.
نزیکەى چوار مانگە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەسەدە و تورکیا و گرووپەکانى نزیک لەو وڵاتە لە نزیک بەنداوى تشرین بەردەوامیى هەیە.